هێمن سەید موراد: دەرمانی قڕکەرمان بۆ زیاتر لە هەشت هەزار جووتیار دابین کرد

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، دەرمانی قڕکەرمان بە سەر زیاتر لە هەشت هەزار جووتیار دابەش کرد.
دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەودۆخە ئابوورییە هەستیارەدا، جووتیارانی فەرامۆش نەکردووە، هەر بۆیە دەرمانی قڕکەری بۆ زیاتر لە هەشت هەزار جووتیار دابین کرد."
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵیت: قڕکەرەکە بریتییە لە قڕکەری مێرووی زیانبەخش و سەوزە و میوەی بەرهەمی هاوینە و بەهارە، بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر سەرجەم بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری کشتوکاڵی هەولێر دابەش کرا.
دەشڵێت: دابەشکردنی ئەو قڕکەرە، جووتیارانی سنووری ماددەی 140ـی گرتەوە، هاوشێوی جووتیارەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ کرا و بۆیان دابین کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە دۆخێکی هەستیاردا ئەو دەرمانە بۆ جووتیاران دابین کراوە، چونکە حکوومەتی عێراق بە بەردەوامی گرفتی دارایی بۆ جووتیاران و حکوومەتی هەرێـم دروست دەکات؛ بەڵام حکوومەتی هەرێم لەناو ئەو گرفتە داراییە، جووتیارانی فەرامۆش نەکردووە و بەردەوام بووە لە پشتیوانی و کار ئاسانی و پشتگیری ئەو جووتیارانە.
هێمن سەید موراد، ڕاشیگەیاند "هەروەها لە ئێستاوە بۆ ساڵێ داهاتوو پێداویستیمان بۆ بەرهەمی دانەوێڵە دابین بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو دابین کردووە، تاکوو بەرهەمێکی بێگرفت و باش بەرهەم بێت."