ڕاکان جبووری بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا

ڕاکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا. 

عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەستبەسەر کراوە، بەڵام نازانین تۆمەتەکەی چییە."

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆمەتی دۆسییەکی گەندەڵییەوە لە دادگای ڕەسەفای بەغدا، دەستبەسەر کراوە کە پەیوەندی بە هاوکاریی خێزانە ئاوارەکانی شەڕی داعشەوە هەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، جبووری بە گوێرەی ماددەی 340 دەستبەسەر کراوە و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە تا یەکلایکردنەوەی دۆسییەکەی.

ڕاکان جبووری، لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بووە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک و تاوەکوو ڕۆژی 11-08-2024، لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بوو. دواتر ڕێبوار تەها، لە شوێنەکەی دانرا. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment