پاپایەکی جیاواز، بۆ سەردەمێکی دژوار

خانمە ڕۆژنامەنووس نیکۆل وینفیلد، ڕاپۆرتێکی لە پێگەی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتد پرێس، بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، پاپا فرانسیس، یەکەم پاپای خەڵکی ئەمەریکای لاتین بوو لە مێژوودا، کە بە شێوازی سادەیی ژیان وبایەخدان بە خوێندنەوە، جێگەی خۆی لە دڵی جیهانیاندا کردبووەوە، ئەمڕۆ دووشەممە لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پاپا فرانسیس، بۆ دواجار لە ڕۆژی یەکشەممەی پاک، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە مەیدانی سەنت پەترۆس لەڤاتیکان لە ناو ئاپۆڕەی بڕواداراندا، بە سواری ئۆتۆمبیلە تایبەتەکەی، دەرکەوت و بە چەپڵە و هاواری خەڵکەکە پێشوازیی لێ کرا. پێش ئەوەش بە ماوەیەکی کەم، پێشوازیی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کردبوو.
کاتێک لە 13ـی ئاداری 2013، وەک 266مین پاپای ڤاتیکان لە بانیژەی ڤاتیکانەوە دەرکەوت، پێچەوانەی گوتاری پاپاکانی پێش خۆی، بە وشەی Buonasera واتە ئیوارەتان باش، دەستی بە وتارەکەی کرد. پاپا بە تۆنێکی پڕ سۆزەوە باوەشی بۆ پەنابەران و چەوساوەکان کردەوە و بەمەش کۆتایی بەو خۆبەزلزانییەی کەنیسەی کاسۆلیکی هێنا کە بەدەست ئابڕووچوون و تۆمەت و بێسەروبەرییەوە گیرۆدە بوو.
لەو ئیوارە باراناوییەدا، خۆرخی ماریۆ بیرغۆلیۆ، هەناسەیەکی نوێی بە سنگی دامەزراوەیەکی تەمەن 2000 ساڵەدا هەڵکێشا، بە تایبەت پاش ئەوەی لە سەردەمی پاپا بەنەدیکتی شازدەهەمدا، کەنیسەی کاسۆلیکی تووشی ئاڵۆزیی بوو، ناچار، پاپا بەنەدیکت لە ناکاو، وازی لە کورسیی پاپایەتی هێنا و دواتر فرانسیس، بە پاپا هەڵبژێردرا.
هەر خێرا فرانسیس لەگەڵ پارێزگارانی ناو کەنیسەدا ڕووبەڕووی کێشەی تایبەت بووەوە، ئاخر ئەوان لە هزر و بۆچوونی پێشکەوتووخوازانەی فرانسیس و کردنەوەی کۆمەڵگەی کاسۆلیکی بەڕووی هەموو کەسێکدا، ناڕازی و تووڕە بوون. ساڵی 2018 ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووەوە کاتێک کێشەی دەستدرێژیی سێکسی کردنە سەر قەشەکان لە کەنیسەیەکی شیلیدا، سەری هەڵدا. سەرباری ئەو کێشانەی لە پاپاکانی پێشووەوە وەک میراتێکی قورس، بۆ پاپا فرانسیس مابوونەوە. بەڵام فرانسیس بە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی بەرانبەر خەڵک، بە تایبەت هەژاران و پشتگوێخراوان، توانی بەسەر ئەو گرفتەشدا زاڵ ببێت.
لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، پاپا فرانسیس بە ئازایەتییەکی بێوێنە، وەک ڕێبەرێکی ئاینیی بە توانا، ڕایگەیاند "ئێمە ئیستە لەوە گەیشتووین کە هەموومان لەیەک بەلەمداین و چارەنووسمان پێکەوەیە. هەموومان سەرلێشێواو و لاوازین. بەڵام دەبێ پشتی یەکتر بگرین و بۆ بەرەنگاربوونەی ئەم پەتایە هاوخەمیی یەکتر بین. هەرچەند بەداخەوە پەتای کۆرۆنا دەوڵەمەندەکانی کردووە بە دوژمنی هەژاران."
چاکسازیی لە ڤاتیکان
فرانسیس، پێچەوانەی سیاسەتی ڤاتیکان، بڕوای بە دەسەڵاتی بێسنووری پاپا نەبوو. داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی کوشتنی تاوانبارانی دەکرد و دەیگوت "ئێمە کێین تا فەرمانی کوشتن بدەین؟ ئەوە خوای تاک و تەنیایە کە بڕیار لەسەر چاکە و خراپەی مرۆڤ دەدات." هەروا دژایەتیی ڕاشکاوانەی خۆی بەرانبەر دروستکردن وبەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەربڕی و ڕایگەیاند "نەک بەکارهێنان، بەڵکو هەبوونی ئەو چەکە کۆکوژە، کارێکی بێڕەوشتانەیە."
فرانسیس، ژینگەی خۆشدەویست، داوای لە جیهان دەکرد، بەندەکانی خوا لە کارەساتەکانی ژینگە بپارێزن. بە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دەگوت دەرگەتان بە ڕووی پەنابەران و هەژاران و قوربانیانی شەڕ و نەهامەتیدا دامەخەن.
هەروا پەیوەندییەکانی ڤاتیکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا ئاسان کرد و لێگەڕا لە هەڵبژاردنی ئەسقەفەکانیاندا سەربەخۆ بن. جگە لەوانەش، بەسەردانی نیوەدوورگەی عەرەب و عێراق، پەیوەندییەکی نوێی لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا کردەوە.
ڕۆڵی ئافرەتان
پاپا فرانسیس، پێچەوانەی پاپاکانی پێشوو، بڕوای بە ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیارە گرنگەدا هەبوو و ڕێگەشی دا ئافرەتان لە کۆبوونەوە ئاساییەکانی ئەسقەفەکانی ڤاتیکاندا دەنگ بدەن. ئەمەش وایکرد کە ئافرەتانی ڤاتیکان بە ڕێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
کەنیسە وەک پەناگەیەک
فرانسیس، بڕوای وابوو کەنیسە جێگەی هەموو کەسێکی تێدا دەبێتەوە و پەناگەیەکە بۆ لانەوازان هەژاران، ئەو دروشمی "تۆدۆس، تۆدۆس، تۆدۆس" ی بەرز کردەوە بەمانای "هەمووان، هەمووان، هەمووان" جگە لەوەش، زیاتر هەژاران و بێکەسانی داوەتی سەر سفرەکەی دەکرد، نەک سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران، ئەمەش وەک گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە لە مێژووی کەنیسەدا لەقەڵەم درا.
پاپا فرانسیس، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی یەسووع، لە 2013 گوتبووی: بە ڕوونی دەیبینم ئەوەی کەنیسە پێویستییەتی توانای سارێژکردنی برین و دڵگەرمیی بڕوادارنە.. من کەنیسە وەک خەستەخانەیەکی مەیدانیی دەبینم.
پاپایەکی سادە
فرانسیس، هەر لە هۆتێلەکەی ڤاتیکاندا دەژیا، نەک لە کۆشکی تایبەت بە پاپا. پێڵاوە کۆنەکانی خۆی لە بریتی پێڵاوی سووری پاپایی لەپێ دەکرد و ئۆتۆمبیلێکی بچووکی بۆ هاتوچۆی خۆی بەکار دەهێنا. هەموو ئەوانەشی لەسەر بنەمای بڕوا و قەناعەت دەکرد، نەک بۆ خۆنواندن.
پاپا هەمیشە لەوە دەگەڕا پەیوەندیی لەگەڵ هەژاران و بێکاران، نەخۆش و سزادراوان و دەربەدەرەکاندا ببەستێت. بە ڕەسمیی داوای لێبووردنی لەو نەتەوە ڕەسەنانە دەکرد بەرانبەر بەو تاوانانەی کەنیسەی کاسۆلیکی دژیان کردوویەتی. ئەمەش بە ئازایەتییەکی بێوێنە دادەنرێت، چونکە پێشتر هیچ پاپایەک ئازایەتیی ئەوەی نەبووە، پێ لەو ڕاستییە تاڵە بنێت و داوای لێبووردن لە قوربانیانی تاوانەکانی کەنیسە بکات.