هێزێکی سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سەرگەڕان جێگیر کرا

نوێنەری جوتیارانی شەناغە ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق ڕێککەوتبووین تاکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و ڕێنماییەکان، تەنیا ڕێگە بە ئاودانی ئەو زەوییانە بدرێن کە تۆو کراون و بۆ ئەو جووتیارانەی خاوەن ئاژەڵن، بەڵام پەشیمان بوونەتەوە و هێزیان لەو گوندە جێگیر کردووە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی شەناغە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر لە دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق ڕێککەوتبووین تاکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و ڕێنماییەکان بۆ بەکارهێنانی زەوییەکانمان لەچوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس، تەنیا ڕێگە بە ئاودانی ئەو زەوییانە بدرێن کە تۆو کراون و بۆ ئەو جووتیارانەی خاوەن ئاژەڵن.
گوتیشی: ئیستا سوپای عێراق لەو بەڵێن و ڕێککەوتنەیان پەشیمان بوونەتەوە وهاتنی ئەو هێزەش بۆ ڕێگریکردنە لە ئاودانی ئەو بەرووبوومانەی کە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانمان کردوومانە، ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە وەک جووتیاران دەستبەرداری مافەکانی خۆمان نابین و لە چەند ڕۆژی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە و هەڵوێستمان سەبارەت بە چارەنەکردنی کێشەکانمان دەخەینە ڕوو.
نوێنەری جوتیارانی شەناغە داواشیکرد، پەلەبکرێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق کە لەڕووی یاساییەوە کێشەکانمان چارەکراون بەڵام ڕێگرییەکانی سوپای عێراق بەردەوامن.