مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ فەرەنسا دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمەکە و فەرەنسا کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد.
هاوکات گوتی: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .
لە بەرانبەردا مەسرور بارزانی سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم کوردستان لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .
چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمەکە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەپرسێکی دیکە پێشوازیی لێ کرا.
ئەمڕۆ پێشوازیم لە بەڕێز ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد و ئاماژەمان بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) April 23, 2025
سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانم بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە.

