وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: لە پشتیوانیی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: هەمیشە لە پاڵ کوردەکان دەمێنینەوە و پێکەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین.
پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن.
ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت.
Avec le général Mazloum, chef des forces démocratiques syriennes. Dix ans de combat côte à côte contre Daech.
— Jean-Noël Barrot (@jnbarrot) April 24, 2025
Les droits et les intérêts des Kurdes doivent être pleinement pris en compte dans la transition syrienne !
🧶 2/3 pic.twitter.com/AtjfrjpFK4
دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.