هەڵبژاردنێکی قورس چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات

بڕیارە لە ڕۆژی11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەشێک لە هاووڵاتیانی بەغدا ڕایان وایە، پەرلەمانتارانی پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانیوە وەک پێویست ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتیانی فەراهەم بکەن، شرۆڤەکارێکی سیاسیش دەڵێت: زۆرینەی پەرلەمانتاران خۆیان دەبنە بەشێک لەو گەندەڵیانەی کە لە عێراق دەکرێت.
310 حزب بە هەزاران کاندیدەوە دەچنە کێبڕکێی بەدەست هێنانی 323 کورسی پەرلەمان، بەشێکی زۆری دەنگدەرانی عێراقی وەک خۆیان دەڵێن متمانەیان بە بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردن نییە، چونکە لە پێنج هەڵبژاردنی ڕابردوودا نەیانتوانیوە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان باشتر بکەن.
تالیب جەبار، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "مادام بەرتیل خواردن و دزی و گەندەڵی و کوشتن هەیە و یاسا جێبەجێ ناکرێت، هەڵبژاردن چی بەهایەکی هەیە؟ هەر خۆیان بۆ خۆیان یاسا دەرەکەن و پابەندی نابن، مافی هاووڵاتی نادەن و خاڵک بێ ماڵ و حاڵە نانی دەست ناکەوێت بیخوات."
ڕەسول قاسم، هاووڵاتی دەڵێت: هەموو پەرلەمانتارەکان سەر بە حزبەکان و لایەنە سیاسیەکان ، ئیش ناکەن ئەگەر دەنگیان پێ نەدەی، من لە ڕیزەکانی سوپا بووم دەرکراوم، بۆیە لە ڕێگای ئەم کەناڵەی ئێوەوە دەڵێم هەر پەرلەمانتار و کاندیدێک من بگەڕێنێتەوە دەوام خۆم و خانەوادەکەم دەنگی پێ دەدەین.
ئەنوار موسەوی، شارەزای سیاسی لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو حزبانەی کە کۆمسیۆن تۆماری کردووە، ڕێژەکەیان زۆرە و زیادەڕەوی تێدایە، بۆیە دەبو یاسایەک هەبێت ڕێکارەکانی تۆمارکردنی حزب قورس بکاتەوە، چونکە پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن لە کاتی بانگەشە و دەبێتە هۆی بەفیرۆدانی پارەی ئەم وڵاتە، دواتر کە دەبنە پەرلەمانتار بە گەندەڵی پەیدای دەکەنەوە.
بڕیارە11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردانی پەرلەمانی عێراق بکرێت، حکومەتیش 398 ملیار دیناری بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە تەرخانکردووە.