لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا سەرکردەیەکی حووسییەکان کوژرا

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ڕۆژانە بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن بەردەوامن.
درەنگانی شەوی شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا چوار هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و سەربازگەی ماس لە یەمەن، هەروەها تەقینەوەیەکی گەورە لە شوێنە سەربازییەکانی حووسییەکان لە باکووری شاری مەئریب ڕووی داوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرکردەیەکی حووسی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە ماڵەکەیدا، لە باکووری سەنعا کوژراوە. میدیاکانی حووسی ڕایانگەیاند "ئەبو موحسین ئەلڕەساس، سەرکردەیەکی حووسییەکان لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە ناوچەی مەجزەر لە باکووری مەئریب کوژراوە.
ئەمەریکا شەوی ڕابردوو 54 هەڵمەتی کردووەتە سەر شوێنەکانی حووسییەکان لە شەش پارێزگای یەمەن .
لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی حووسییەکان 24 کاتژمێر لە هەفتەدا بەردەوامە.
هەروەها هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا، تانکەرێکی حووسی کە پڕ بوو لە کەرەستەی سەربازی لە سەرواح، لە پارێزگای مەئریب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن بۆمباران کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە ئەمەریکییەکان بە حەوت هێرش سەربازگە و پێگەکانی حووسییەکان لە شارۆچکەی مەدخالی مەئریبیان بۆمباران کردووە.
باس لەوەش کراوە، هێرشێکی ئاسمانی دیکەی ئەمەریکا پێگە و سەربازگەکانی حووسییەکانی لە شارۆچکەی حەریب بۆمباران کردووە.
هەروەها پشتڕاستی کردەوە کۆگای حووسییەکان لە سەنعا، بە پێنج هێرشی ئاسمانی بۆمباران کراون و بە هۆیەوە دەیان کوژراو و بریندار لە پارێزگای مەحویت لە باکووری ڕۆژئاوای سەنعا بوون.
هەروەها چوار هێرشی ئاسمانی بەندەری نەوتی ڕەئس عیسا لە حودەیدە بۆمباران کراوە و یەکێکیان بۆ سەر جبەخانەی حووسییەکان بووە لە شارۆچکەی سەحەر لە سەعدە و تێیدا ئافرەتێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.