میدیای حووسی: هێرشێکی ئاسمانیی ئەمەریکا دەیان قوربانی لێکەوتەوە

کەناڵی ئەلمەسیرە لە یەمەن بڵاوی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ناوەندێکی دەستبەسەرکردنیان لە پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن بۆمباران کرد و تێیدا دەیان زیندانی دەستبەسەرکراوی کۆچبەرانی ئەفریقایی کوژران.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوەندی دەستبەسەرکردنەی کۆچبەران 115 زیندانی تێدا بووە، دەیان کەسیان کوژراون.
باسی لەوەش کرد، تیمەکانی فریاگوزاری لە مانگی سوور و بەرگریی شارستانی یەمەن، بەردەوامن لە دەرهێنانی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووەکان.
گوتیشی: زیاتر لە 50 بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە کە زۆربەیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی فریاگوزاری سەرەتایی بەهۆی ئەو وێرانکارییە گەورەیەی بۆمبارانی ناوەندی دەستبەسەرکردنەکە دروستبووە، قورس بووە.
دەشڵێت: یەکێک لەو مووشەکە ئەمەریکییانەی ئاراستەی چاکسازییەکە کراوە، لەو ناوچەیەدا نەتەقیوەتەوە کە کۆچبەرەکان تێیدا دەمێننەوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی سەنعا لە بەیاننامەیەکدا ، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پەناگە لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و خاچی سووردایە و بۆمبارانکردنی "تاوانێکی جەنگی تەواو لەقەڵەم دەدرێت."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، ئیدارەی ئەمەریکا "بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆدایە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونەی کە دژی کۆچبەرانی ئەفریقی کردوویەتی."