شەهریبانا کوردی چەند گۆرانییەکی فولکلۆر له زاخۆ بۆ هەوادارانی دەچڕێت

سبەی سێیەمین فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لە زاخۆ دەست پێدەکات و خانمە هونەرمەندی باکووری کوردستان شەهریبانا کوردی دەڵێت: چەند گۆرانییەکی فولکلۆر بۆ ههوادرانم دەچڕم و چەند گۆرانییەکی نوێیشم ئامادەن.
دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، خانمە هونەرمەندی باکووری کوردستان شەهریبانا کوردی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 17ساڵ نەهاتوومەتە زاخۆ، ئەو کات شارۆچکەیەکی بچووک بوو، ئێستا زۆر پێشکەوتووە و گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە، دڵخۆشم کە جارێکی دیکە بەو شارە شاد بوومەوە.
شەهریبانا کوردی گوتیشی: لە سێیەمین فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک بە چەند گۆرانییەکی تایبەت بەشدار دەبم، گۆرانییەکان فولکلۆرن و چەند گۆرانییەکی نوێیش لە خۆ دەگرێت.
سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، دڵخواز مووسا، سەرپەرشتیاریی فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لە زاخۆ تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: گرووپی دەنگبێژی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان دەبن و گرووپی حەیرانبێژانی هەولێریشی تێدایە و بۆ هەردوو ڕۆژەکە هونەرمەندان حەسەن شەریف و شەهریڤانا کوردی بە دەنگ و گۆرانی کوردی فێستیڤاڵەکە جۆش دەکەن.
سبەی سێشەممەی 29ـی نیسان، فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک دەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
شەهریبانا کوردی
ئافرەتێکی کوردی باکووری کوردستانە لە ساڵی 1973 لە شاری ئیزمیری تورکیا لە دایک بووە، خاوەنی ژمارەیەک ئەلبوومی گۆرانییە و یەکەم ئەلبوومی هونەری لە ساڵی 1991 بە ناوی "ئەز کەچم کەچا کوردانم"، بڵاو کردەوە.