نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت دەستپێبکاتەوە

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا لە 22ـی ئەیلوولدا کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت دەستپێبکاتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی "پرۆسەی ئاشتی" کە هاوینی ئەمساڵ بەهۆی تەشەنەکردنی توندوتیژییەکان لە غەززە وەستابوو.

بڕیارەکە لەسەر بنەمای پێشنیازێکی زارەکی دراوە کە لەلایەن سعوودیەوە پێشکەش کراوە، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە "چارەسەری ئاشتیانە"ـی پرسی فەڵەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی.

لەبەرامبەردا ئیسرائیل و ئەمەریکا کشانەوەی خۆیان لە کۆنفرانسەکە ڕاگەیاند و پێیان وایە دەستپێکردنەوەی کۆنفرانسەکە، دەتوانێت بوێری بداتە حەماس، هاوکات واشنتن بە فەرمی بەشداری نەکردنی لەو کۆنفرانسەی پشتڕاست کردەوە.

چاوەڕوان دەکرێت، بەستنی کۆنفرانسەکە ببێتە هۆی بەشداریکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە سەرۆکی وڵاتان و حکوومەتەکان، تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین دەتوانێت بەشداری بکات یان نا، چونکە ئەمەریکا پێدانی ڤیزای بە مەحموود عەباس و بەرپرسانی فەڵەستین قەدەغە کردووە.

لە ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان، زنجیرەیەک کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، دیارترینیان کۆنفرانسی مەدرید لە ساڵی 1991، ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی 1993 و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی لە ساڵی 2002.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment