ترەمپ ئەرکی نوێ بە ڕوبیۆ و واڵتز دەسپێرێت

دۆناڵد ترەمپ، مارکۆ ڕوبیۆ وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و مایک واڵتزی وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستنیشان کرد.

پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیویەتی: مارکۆ ڕوبیۆ لە ئیدارەکەی ئەرکی نوێی پێ دەسپێردرێت و بە شێوەیەکی کاتی دەبێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها مایک واڵتزیش دەبێتە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە نەوتی ئێران کرد و گوتی: دەبێت تەواوی فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕابگیرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، هەر وڵاتێک یان کەسێک، نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێران بکڕێت، دەستبەجێ سزای بەسەردا دەسەپێندرێت و ڕێگەی پێ نادرێت بۆ لەمەودوا بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا بکات.

پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ سترت جۆرناڵ، بڵاوی کردەوە، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دەستی لەکار کێشایەوە، دوای ئەوەی تێوەگلاوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییە سەربازییەکان لە گرووپچاتێکدا. هەروەها جێگری واڵتزیش دەستی لەکار کێشایەوە.

واڵتز یەکەم بەرپرسی پلە باڵایە کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری 'ئەتلانتیک'، ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە. 

باسی لەوەش کردبوو، گرووپەکە بە ناوی 'گرووپی بچووکی حووسییەکان' بوو، تێیدا زانیاریی گرنگ و نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاڵوگۆڕ دەکران.

لە ئەمەریکا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە، شانبەشانی وەزیری دەرەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment