نەتەوە یەکگرتووەکان: منداڵانی غەززە لەنێو خۆڵ و خاشاک بەدوای خواردن دەگەڕێن

گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیی و کاروباری مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل لەسەر غەززەی داناوە، منداڵانی فەڵەستینی لەنێو پاشماوە و خۆڵ و خاشاکدا بەدوای خواردن دەگەڕێن.
ئۆلیگا چیریڤکۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دۆخی مرۆیی کەرتی غەززەی بە کارەسات ناوبرد و ڕایگەیاند، لە شەقام و کۆڵانەکاندا بە ئاشکرا ئێش و ئازاری بەدخۆراکی منداڵانی کەرتی غەززە دەبینرێت.
دەڵێت: برسێتی و نەبوونی خۆراک وای لە دانیشتووانی کەرتی غەززە کردووە پەلاماری هەموو ئەو بارهەڵگرانە بدەن کە ئاو و خۆراک دەگوازنەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوو بژاردەی لەبەردەمە، یان دەبێت بەردەوام بێت لە بینینی ئەو دیمەنە کارەسات و ترسناکەی غەززەییەکان لە برسان دەمرن و لە توێنێتیدا دەخنكین، یان دەبێت بوێرییەکی ئەخلاقی بداتە بەر خۆی و بڕیارێک بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە دەربکات، کە بەزەیی بەهیچ کەسێکدا نایەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، دۆخی هەنووکەیی غەززە لە خراپترین ئاستدایە، ئێستا غەززە لە نێو گەمارۆیەکی توندە و دانیشتووانەکەی پووش، گیا و لە ناچاریان گۆشتی کیسەڵ دەخۆن، کەلوپەلی ماڵەکانیان بۆ کوڵاندنی چێشت بەکار دەهێنن، چونکە نە غاز هەیە نە کارەبا.
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، سوپای ئیسرائیل ڕێگرە لە دەربازبوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئەمەشی وەک فشارێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ناچار بێت، ئەو بارمتانەی لە دەستی ماون، ئازادیان بکات.