ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەیان بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراق، لە بەغدا، مووسڵ و کەرکووک، دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 470 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆندا گیراوە و ژمارەیەک بازرگانیش دەستگیر کراون.
شەممە 3ـی ئایاری 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە 16ـی تەمووزی 2024 تاوەکوو 30ـی نیسانی 2025 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بە هاوکاریی و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە، توانراوە دەیان کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشەبەرەکان کە ژمارەیەکیان بازرگانی نێودەوڵەتیی و دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەهۆشەبەرەکان دەستگیر بکرێن.
هەروەها ئەنجوومەنەکە دەڵێت: لە درێژەی هەڵمەتەکاندا لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا، توانراوە دەست بەسەر نزیکەی 600 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بگیرێت.
ئەنجوومەنەکە باسی لەوەش کردووە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراق، لە بەغدا، مووسڵ و کەرکووک دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 470 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆندا گیراوە و ژمارەیەک بازرگان دەستگیر کران.