دادگای دووبز سکاڵایەکی عەرەبە هاوردەکانی لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورددا یەکلایی کردەوە

دادگای دووبز سکاڵایەکی عەرەبە هاوردەکانی لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەدا یەکلایی کردەوە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، دادگای دووبز، ئەو سکاڵایەی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە کە لەسەر سێ جووتیاری کوردی گوندی شەناغەیان تۆمار کردبوو، لە بەرژەوەندیی سێ جووتیارەکە یەکلایی کردەوە. 

سکاڵای عەرەبە هاوردەکان بۆ چوار مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە تۆمەتی "داگیرکردنی زەوی" لەسەر سێ جووتیاری کوردی گوندی شەناغەی ناحیەی سەرگەڕان تۆمار کرابوو. ئەو کات، سێ جووتیارەکە بۆ چەند ڕۆژێک دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد کران. 

پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، یوسف حەسەن شوانی، پارێزەری خۆبەخشی جووتیارە کوردەکان، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "بۆ دادگا ڕوونبووەتەوە پارچە زەوییەکە هی جووتیارە کوردەکانە، نووسراو و بەڵگەی پێویستمان لەبەر دەستە بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. پارچە زەوییەکە هی باب و باپیرانی ئەو جووتیارانەیە و تاپۆیان هەیە، کەچی ئەو عەرەبانەی سکاڵایان تۆمار کردووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکووك نین و هاوردە کراون."

هاوکات محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "دۆخی جووتیارانی سەرگەڕان زۆر خراپە و تا ئێستا سوپا ڕێگریی لە کاری کشتوکاڵی دەکات."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment