ماکرۆن: هیوادارم ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەتەواوی جێبەجێ بکرێت

سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ڕایگەیاند، سەقامگیریی سووریا بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئەورووپاش گرنگە، پاڵپشتیی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەین.

چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ڕایگەیاند: پابەندین بە خواستەکانی گەلی سووریا، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بن.

ماکرۆن گوتی: سەقامگیریی سووریا بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئەورووپاش گرنگە، پاڵپشتیی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەین.

سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: من چاوپۆشی لەو راستییە ناکەم، سووریا لە ماوەی ڕابردوودا توندوتیژییەکی دیکەی نێوان ئایینەکانی لە ناوچەی دروزەکان بەخۆیەوە بینی، نزیکەی 200 قوربانی لێ کەوتەوە. ئەو پێکدادانانە دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی کەناراوەکانی سووریا لە سەرەتای مانگی ئایار هات، کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 600 کەس کوژران، زۆربەیان بڕواداری عەلەوی بوون. بە ڕاشکاوی ئەم ڕووداوە تراجیدی و قەبوڵنەکراوانەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ کرد. 

ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت: پێویستە سەرۆکی سووریا هەموو ئەوەی لە توانای دایە بۆ پاراستی سوورییەکان بەبێ جیاوازی بیکات، بەبێ گوێدانە نەتەوە ، ئایین، باوەڕ و بۆچوونی سیاسی. دڵنیایی بدات، ئەوانەی بەرپرسیارن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.

سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کرد، ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق زۆر گرنگە، هیوادارم ئەو ڕێککەوتنە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرگیز کوردانی سووریا بەبێ پشتیوانی بەجێناهێڵین.

هەروا ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ڕایگەیاند: سوپاسی پاڵپشتییەکانی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دەکەین، فەرەنسا زوو لە مەینەتییەکانی گەلی سووریا تێگەیشت، لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و سووریامان کرد، بوونیاتنانەوەی سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوانمان بوو، ئێستاش سووریا هەڕەشەی ئەمنی لەسەرە، سەلامەتیی هاووڵاتییانی سووریا کاری لە پێشینەی ئێمەیە.

ئەحمەد شەرع گوتی: بەرانبەر هێرشی تائیفی دەم و دەست جووڵەمان کرد، فیتنەی تائیفی لە سووریا جێی نابێتەوە و نابێت بەهیچ شێوەیەک دەست تێوەردانی دەرەکی لەکاروباری سووریا دا بکرێت.

چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025،  ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی "ئەلیزێ"، پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا کرد.

ئەمەش یەکەم سەردانی شەرعە بۆ فەرەنسا لەو کاتەوەی کە بووەتە سەرۆک کۆماری سووریا.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment