مەزڵووم عەبدی: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە جێگەی ڕێزە

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هیوای خواست هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی گرنگ بنێت و پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بکەن.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گرتنەبەری سیاسەتێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێگای پێزانینە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئاماژەی بەوە کرد، "پەکەکە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە."

هاوکات دەشڵێت: دڵنیاین کە ئەم هەنگاوە زەمینە بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسەت و ئاشتی لە ناوچەکە خۆش دەکات.

ناوبراو هیوادارە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی گرنگ بنێن و هەموو لایەک پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بدەن.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment