فه‌ره‌نسا و سعوودیه بۆ چاره‌ی دوو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین سه‌رپه‌رشتیی كۆنفرانسێك ده‌كه‌ن

سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی فەرەنسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی بە سه‌رپه‌رشتیی فەرەنسا و سعوودیە سەبارەت بە چارەسەری دامه‌زراندنی دوو دەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین له ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه ده‌چێت.
هه‌ینی، 16ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی فەرەنسی ڕایگه‌یاند، له ڕۆژانی 17 تاوه‌كوو 20ـی مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی بە سه‌رپه‌رشتیی فەرەنسا و سعوودیە سەبارەت بە چارەسەری دامه‌زراندنی دوو دەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوە دەچێت.
ئەو دیپلۆماتکارە گوتووشیه‌تی، کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێک دەخرێت و بە هاوبەشیی فەرەنسا و سعوودیە سه‌رپه‌رشتیی دەکرێت.
نزیکەی 150 وڵات دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێگەی ئه‌ندامی چاودێریی هەیە، واتە ئەندامیه‌تیی ته‌واوی نییه به‌و پێیه‌ی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێوده‌وڵه‌تی دەنگی بۆ ئه‌ندامیه‌تی ته‌واو نه‌داوه.
ئیرلەندا، نەرویج و ئیسپانیا لە ئایاری 2024ـدا دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا، بەڵام حکوومەتەکانی دیکەی ئەورووپا، لە نێویشاندا فەرەنسا، ئەم هەنگاوەیان نەناوە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە نیسانی ئه‌م ساڵدا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە فەرەنسا لە مانگی حوزەیران دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا بنێت. ئه‌و كات ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، كه فه‌ره‌نسا دەیەوێت کۆنفرانسێک لە نیویۆرک ڕێك بخات بۆ ئەوەی داوای دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین بکات و داواش لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بکات دان بە ئیسرائیل‌دا بنێن.