ئەمەریکا بۆ لیبیا: یەک ملیۆن فەڵەستینی وەرگرە، منیش پارە بلۆککراوەکانت ئازاد دەکەم

کەناڵی 'ئێن بی سی نیوز' بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ گواستنەوەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بۆ لیبیا بەشێوەیەکی هەمیشەیی.

کەناڵەکە، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، پلانەکە لە ژێر وردبینییەکی جددیدایە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردایەتیی لیبیا تاوتوێی کردووە.

ئێن بی سی نیوز، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە بەرانبەر نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان، ئیدارەی ئەمەریکا چەندین ملیار دۆلاری لیبیا ئازاد دەکات، کە زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر بلۆکی کردووە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردبووەوە کە ئەمەریکا "بایەخ بە دۆخی غەززە دەدات"، جەختیشی کردبووەوە "خەڵک لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی فەڵەستین لە برسا دەمرن".

لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات، ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی، "ئێمە چاومان لە غەززەیە، و بڕیارە کاری لەسەر بکەین، خەڵکێکی زۆر لە برسا دەمرن، زۆر شتی خراپ ڕوو دەدەن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پشتیوانییەکانی بۆ پلانەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕی غەززە، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پێموایە لە ماوەی مانگی داهاتوودا زۆر شتی باش ڕوو دەدەن و دەبینین.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە دەبێ هاوکاریی فەڵەستینییەکانیش بکەین، وەک دەزانن لە غەززە خەڵکێکی زۆر بەدەست برسێتیەوە گرفتارن، بۆیە دەبێت چاو لە هەردوولا بکەین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment