لوتکەی عەرەبی: داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەکەین گوشار بکەن بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن لە غەززە

لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا
لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا

ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی بڵاو کرایەوە، تێیدا هاتووە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە کەرتەکە.

شەممە 17ـی ئایاری 2025، لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆک و نێردەی وڵاتانی عەرەبی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو. ئامادەبووان سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەبارەی دۆخی غەززە، لوبنان، سووریا و سوودان خستە ڕوو.

دوای پێشکەشکردنی گوتاری ئامادەبووان، ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا و تێیدا هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەکەین گوشار بکەن بۆ ڕاگەرتنی خوێنڕشتن لە غەززە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە غەززە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، یەکخستنی هەوڵەکان و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لوتکەی عەرەبی ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەکەین، هەروەها بۆ دۆخی سوودانیش داوای دۆزینەوەی چارەیەکی سیاسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

میوانداریی 34ـه‌مین کۆبوونەوەی لوتكه‌ی عەرەبی لەلایەن بەغداوه‌، لە کاتێکدایە گرژییەکان لە غەززە، پەرەسەندن و دابەشبوونی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوە و دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو درێژه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانی نێوان تاران و ئه‌مەریكاش له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی به‌رده‌وامن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment