پۆلیسی ئەڵمانیا بەرپرسێکی پەکەکەی دەستگیر کرد

هاوسەرۆکی کەجەدەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا لە شاری برێمن دەستگیرکرا، هاوکات داواکاریی گشتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە ئەو بەرپرسە، بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکراوە کە لە لیستی تیرۆری ئەڵمانیا و ئەورووپادایە.
ڕۆژی سێشەممە، 20ـی ئایاری 2025، لە شاری برێمنی ئەڵمانیا، یوکسەل کۆچ، هاوسەرۆکی کەجەدەکە کە بە ڕێکخراوێکی سەر بە پەکەکە دادەنرێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی ئەڵمانیادا لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا.
داواکاری گشتی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، یوکسەل کۆچ، بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکراوە کە لە لیستی تیرۆری ئەڵمانیا و ئەورووپادایە.
ڕۆژنامەی تاگس شپیگڵی ئەڵمانیا، لە ڕاپۆرتێکیدا دەربارەی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی پەکەکە نووسیویەتی، سەرەڕای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بەردەوامە لە مامەڵەکردنی ئەو پارتە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ڕێکخراو و گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە بڵاویشی کردۆتەوە، لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەڕاسیۆنی پۆلیس بۆ سەر گرووپ و ڕێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە دەکرێت، لە مانگی ڕابردوودا هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ڕێکخراوێک لە شاری برێمن و دەستیان بەسەر چەندین دیکۆمێنت و بڕێک پارە و ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە.
هەروەها هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا چاودێری ئەو کادیرانەی پەکەکە دەکەن کە بەناوی کەمپینی هاوکاریی پارە لە بەشێکی کوردانی ئەڵمانیا کۆدەکەنەوە، بەو هۆیەوە چەندین کەس دەستگیرکراون و سزادراون.
ئاژانسی فوراتی نزیک لە پەکەکە هەواڵی دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچی پشتڕاستکردۆتەوە و ئەمڕۆش گرووپێک بۆ پشتیوانی گردبوونەوەیەکیان لە برێمن ڕێکخستوە.