وەزارەتی تەندروستی حاڵەتێکی دیکەی تووشبووی تای خوێنبەربوونی ڕایگەیاند

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: سێ حاڵەتی تووشبووی تای خوێنەربوون تۆمارکراون و یەکێک لەوان بەتەواوی چاکبووەتەوە.
پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە شارۆچکەی ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک ، حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە: تووشبوو ئافرەتێکی تەمەن 43 ساڵانە، ئافرەتی ماڵەوەیە و لە هەمان خێزان دوو هەفتە پێش ئێستا بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، کە ئاژەڵی ماڵی لە ماڵەوە هەبووە، تووشبووی ئێستا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکییە و چارەسەر وەردەگرێت.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و لەکاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکرێنەوە.
وەزارەتەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، هاوڵاتیان و بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە مانگی ڕابردووە تاوەکوو ئێستا تەنیا سێ حاڵەت دەستنیشانکراون و یەکێک لەوانە ئافرەتێکە گیانی لەدەستداوە خەڵکی شاری دهۆک بووە و یەکێکی دیکە بە تەواوی چاکبووەتەوە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە، تووشبوویەکی دیکە دانیشووی شاری موسڵە لە شاری هەولێر چارەسەر وەردەگرێت.
هەینی 2ـی ئایاری 2025، یەکەم حاڵەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئەویش هاوڵاتییەکی شاری ( کۆیە ) یە، تەمەنی ( 42 ) ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشە.