ئەمەریکا: بوونی کوردستانێکی خۆڕاگر و بە‌هێز لە بەرژەوەندیی هەمووانە

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، نیشانەی خواستی ئێمەیە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دڵخۆشبووین بەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دوو گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا واژۆ کرد، بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش یارمەتی عێراق دەدات پەرە بەسەرچاوەکانی خۆی بدات و لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەم گرێبەستانە بەهاکانیان زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، ئێمە پشتیوانی لەم گرێبەستانە دەکەین، هانی بەغدا و هەولێرمان داوە پێکەوە کاربکەن، وەبەرهێنان لە گازدا بکەن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، نیشانەی خواستی ئێمەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک دەزانن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردنی لەسەر فراوانکردنی وەبەرهێنان و بازرگانی لەنێوان هەردوولا، لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.

تامی برووس گوتیشی: وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ  ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمەکە ڕاگەیاند، هەروەها هانی حکوومەتی عێراقیشیدا ڕێز لەم رێڕەوە ئابوورییەی هەرێمی کوردستان بگرێت، کە بۆ خوشگوزەرانی و سەرکەوتن گرنگە.

جەختی لەوەش کردەوە،  ئێمە لەو باوەڕەداین، بوونی هەرێمی کورستانی بەهێز و خۆشگوزەران لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا، عێراق و هەرێمی کوردستانە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment