لە کالیفۆرنیا فڕۆکەیەکی تایبەت دەکەوێتە خوارەوە

بەرپرسانی ئەمەریکا سەبارەت بەو فڕۆکە بچووکەی لە شاری سان دیێگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتە خوارەوە، ڕایانگەیاند "سیستەمی ئاگادارکردنەوەی کەشوهەوای فڕۆکەخانەی شارەکە و گڵۆپی ڕێڕەوی فڕین کاری نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە."

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند "فڕۆکەیەکی تایبەت لە شاری سان دیێگۆ کە شەش کەسی تێدابووە کەوتە خوارەوە."

پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو، پێدەچێت ئەو شەش کەسەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون، لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا گیانیان سپاردبێت.

دان ئیدی، یاریدەدەری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی سان دیێگۆ، گوتی: پێم وانییە ئەوانەی ناو فڕۆکەکە ڕزگاریان بووبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسان بەدواداچوون دەکەن، ئایا فڕۆکەکە بە هێڵی کارەباوە پێکدادانی بووە یان نا.

ئەو فڕۆکەی کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەی سیسنا بووە و لە ئەنجامدا لە شەقامێکی نیشتەجێبوون دەکەوێتە خوارەوەی ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دەبێتە هۆی دروست بوونی ئاگرێکی زۆر و زیانێکی زۆر گەیاندن بە ماڵانی ئەو ناوچەیە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە بڵاویکردەوە، زۆرینەی ئاگرەکان بەخێرایی کۆنتڕۆڵ کراون، هاوکات لانیکەم 10 ماڵ وێرانبوون یان زیانیان بەرکەوتووە، چەند ئۆتۆمبێلێکیش گڕیان گرتووە.

ئیدی ڕوونیکردەوە، کاتێک فڕۆکەکە بەر ڕێگاکە کەوت، و سووتەمەنیەکانی ناوی دزەیان کردووەتە دەرەوە، هەردوو دیوی شەقامە گڕی دەگرێت و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکانی سەر ڕێگاکە دەسووتێن .

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment