پەکەکە: تا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت چەک دانانێین

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، دەڵێت: دەسەڵاتدارانی تورکیا کات بە فیڕۆ دەدەن و، تا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت پەکەکە چەک دانانێت.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، بەبێ ڕێکخستنی یاسایی و دادوەری و ڕەخساندنی زەمینەی کارکردنی ئازادانەی ئۆجەلان، بە شێوەیەکی دروست بەرەو پێش ناچن.
ئاماژەی بەوە دا، پێویستە گۆڕانکاری لەبەشێک لە یاساکان بکرێت و مەرجەکانی کارکردنی ئازادانەی ئۆجەلان فەراهام بکرێت، ئەگەر ئۆجەلان بە ئازادانە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەبات، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری نابێتە شتێکی کردەیی و جێبەجێ ناکرێت.
دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبارەی پرۆسەکە جیددی نینە و تەنها کات بەفیرۆ دەدەن. داوکارییەکی دیکەی ئێمە ئەوەیە، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی دیموکراسی هەیە کە دان بە ناسنامەی هەموو هاووڵاتییانی کۆمەڵگەدا بنێت.
لای خۆیەوە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، ڕایگەیاند: پێشتریش جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەم قۆناغەدا، پێویستە ڕێکخراوی تیرۆریستی بە هەموو درێژکراوەکانییەوە چەکەکانییان دابنێن.
هاوکات ڕاشیگەیاند: پێویستە ئەو چەکدانانە بە شێوەیەکی مەیدانی و بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆی نێوان ئێمە و حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانمان لە نزیکەوە بەردەوامە.
جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ بەغدا، هەولێر و سلێمانی چەند بابەتێکمان هەن کە دەبێت هەماهەنگیی لەسەر بکەین، لەم بابەتەدا پێشکەوتن بەدی هاتووە و بەردەوامیشە، دەزگای هەواڵگری بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکات.