کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا و سەرۆکی هاوپەیمانی مەسیحی دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانیان تاوتوێ کرد

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا و سەرۆکی دەستەی سیاسی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عەنکاوە، دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد، هاوکات سەردانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بە گرنگ وەسف کرد.

سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، جینان جەبار، سەرۆکی دەستەی سیاسی هاوپەیمانیی مەسیحی هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی دەستەکەی، پێشوازییان لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ستیڤن بیتنەر و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە، لە دیدارەکەدا، جینان جەبار ستایشی کونسوڵی گشتیی ئەمەریکای کرد بۆ پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ پێکهاتەی مەسیحی لە کلدان و سریان و ئاشووری و ئەرمەن، دواتر باسی دۆخی مەسیحیانی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، چەند پێشنیازێکیشی خستەڕوو بۆ مانەوەی مەسیحییەکان لە زێدی باب و باپیریان.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکاش دووپاتی ئەوەی کردەوە، حکوومەت و گەلی ئەمەریکا پشتیوانی لە مافی مەسیحی و ئێزدی و تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

دواتر سەرۆکی هاوپەیمانی مەسیحی و کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا چەندین تەوەریان گفتوگۆ کرد، لەوانەش سەردانی دوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕوبیۆ کە تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی گرنگی پارێزگاریی لە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان کردووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment