مانگرتنی خاوەنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئێران بەردەوامە

چەند ڕۆژێکە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئێران دەستیان بە مانگرتن کردووە و کاریگەریی لەسەر بازاڕ و گرانبوونی نرخەکان هەبووە.
خاوەنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئێران لە 70 شاری ئەو وڵاتە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا مانیان گرتووە و تا ئێستاش بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.
مانگرتنەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە، 22-05-2025ـەوە دەستی پێ کردووە و هۆیەکانیشی بریتین لە:
1. کێشەکانی داهات و بژێوی شۆفێرانی بارهەڵگر.
2. ڕاگەیاندنی سێ نرخ بۆ گاز کە سووتەمەنیی بارهەڵگرەکانە.
3. کەمکردنەوەی بەشەگازی مانگانەی بارهەڵگرەکان.
4. زیادبوونی پارەی دەستەبەری شؤفێران و بارهەڵگرەکانیان.
5. کەمبوونی کرێی بار.
مانگرتنەکە هاوکات لە هەموو شارەکان دەستی پێ کردووە و بەپێی میدیاکانی ئێران گەراجی بارهەڵگرەکان و ئەنباری کاڵا لەو شارانە داخراون و چالاکیی گەیاندن ڕاوەستاوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەکارکەوتنی زنجیرەی گواستنەوەی کاڵا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕ و گرانبوونی نرخەکان هەبووە.