وردەکاری پلانەکەی ویتکۆف لەبارەی غەززە

مێدیا ئیسرائیلییەکان، وردەکاری پلانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چارەکردنی دۆخی غەززە و وەستانی شەڕ لە کەرتەکەدا ئاشکرا کرد.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو خراوەتە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە.

بەگوێرەی پێشنیازەکە، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا لەو خاکانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە.

هەروەها بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێت، بەڵام بەپێی پێشنیازەکەی ویتکۆف، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ ڕێكکەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت شەڕ دەست پێ بکاتەوە.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ڕایگەیاندبوو، تێڕوانینێکی زۆر باشی هەیە سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، زۆر گەشبینە بە ئەگەری کارکردن لەسەر دوو خاڵ: یەکەمیان؛ ئاگربەستێکی کاتی، دووەمیان؛ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

 
 
Fly Erbil Advertisment