حەماس: ویتکۆف نادادپەروەرە و لایەنگری ئیسرائیلە

حەماس دووپاتی کردەوە، پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا  بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕەت نەکردۆتەوە، هەروەها بە قبوڵکراوی زانی بۆ دانوستان.

حەماس هەڵوێستی ویتکۆفی بە "نادادپەروەرانە و بە تەواوی لایەنگری ئیسرائیل" وەسف کرد.

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، داواکارییەکانی ئیسرائیلی ڕوون کردەوە. 

 

 

ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بزووتنەوەکە بەو پێشنیازە ڕازی بووە، بەڵام دواتر نوێنەری ئەمەریکا وەڵامێکی ئیسرائیلی دایەوە کە ئەمانەی خوارەوەی لەخۆ گرتبوو:

1- ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، بەڵام بەبێ هیچ گەرەنتییەک (سەبارەت بە کشانەوەی ئیسرئیل و گفتوگۆکردن لەسەر وەستانی کۆتایی شەڕەکان).

2- گەڕانەوەی سەرجەم زیندانییان لە ماوەی هەفتەی یەکەمی ئاگربەست.

3- هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە بەپێی پلانی ئیسرائیل.

4- ئیسرائیل دەیەوێت دانوستان لەسەر نەخشەی کشانەوە بکات، کە لە 19ـی کانوونی دووەم لەسەر بنەمای ئامادەبوونی سەربازی نوێ لە کەرتی غەززە ڕێک کەوتوون.

5- هیچ گەرەنتییەک بە هیچ شێوەیەک بۆ وەستانی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی دانوستانەکاندا نییە، بەڵکو باس لە دووبارە جێگیرکردنەوە و ڕێکخستنە ئەمنییەکان لە ناو کەرتەکەدا دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، حەماس دوێنێ شەممە، لە ڕێگەی بازرگانی فەلەستینی-ئەمەریکایی، بیشارە بەهبا، کە ئاسانکاری بۆ دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەکە دەکات، وەڵامی خۆی پێشکەش بە ویتکۆف کرد. هەروەها وەڵامی خۆی بۆ ناوبژیوانانی میسر و قەتەر ناردووە.

بەپێی ئاکسیۆس، حەماس لە وەڵامەکەیدا داوای گۆڕینی ڕێکوپێکی و خشتەی ئازادکردنی ئەو 10 بارمتە زیندووە و تەرمی ئەو 18 کەسەی لە ڕێککەوتنەکەدا کردووە، بۆ ئەوەی بە شەش جار لە ماوەی ئاگربەستی 60 ڕۆژەدا بکرێت.

لای خۆیەوە حەماس خوازیاری کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل بوو بۆ ئەو هێڵانەی کە بەر لە داڕمانی ئاگربەستی پێشووی مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لێی جێگیر بووبوو.

هەروەها پێداگریی لەسەر بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەمەریکایی بۆ کۆتایی هاتنی تەواوەتی شەڕەکە کرد، کە خاڵێکی سەرەکی بوو لە گفتوگۆکەدا.

ویتکۆف، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پێشنیازێکی نوێی ئەمەریکایی بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بۆ حەماس نارد.

لای خۆیەوە کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "ئیسرائیل، پێش ئەوەی پێشنیازەکە بخرێتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس، ئیمزای لەسەر کردووە."

پێشنیازەکە پێداچوونەوەی بۆ کراوە تاڕادەیەکی زۆر لە پێشنیازەکەی پێشوو نەگۆڕاوە، ئاگربەستی 60 ڕۆژە و ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو و 18 تەرمی کە لە غەززە ڕاگیرابوو- نیوەی لە ڕۆژی یەکەم و نیوەکەی دیکەی لە ڕۆژی حەوتەمی ئاگربەستەکەدا دیاری کرابوو. لەبەرامبەردا ئیسرائیل 125 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە سزای هەتاهەتایییان لەسەر سەپێندرابوو، 1100 فەڵەستینی دیکە کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون و تەرمی 180 فەڵەستینی کە گوایە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلییەکان کوژراون.

لە کاتێکدا لە پێشنیازەکەی ویتکۆفدا هاتووە؛ ئەمەریکا، قەتەر و میسر هەموویان گەرەنتی دانوستانی جددی دەکەن بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، حەماس داوای گەرەنتییەکی ڕوونی ئەمەریکای کردووە کە دانوستانەکان بە ئاگربەستی هەمیشەیی کۆتایی پێبێت.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاگاداری وردەکارییەکانی دانوستانەکانە، ڕایگەیاند "وەڵامی حەماس ئەو داواکاریانەی لەخۆ گرتووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێشنیازەکە کە لەلایەن نوێنەری ئەمەریکاوە پێشکەش کراوە، جیاوازن." 

ڕوونیشی کردەوە، ئەم داواکارییانە بریتین لە ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت ساڵ، کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە هەموو ئەو ناوچانەی لە مانگی ئادارەوە کۆنترۆڵی کردووە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە مرۆییە نوێیەی کە  لە ڕێگەیەوە هاوکارییەکانی سندوقی پاڵپشتی غەززەوە (GHF) دابەش دەکرێن و  ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئۆنروا"چالاک بکرێتەوە.

دانوستانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نزیکەی 20 مانگە پێشکەوتنێکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەدوای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا، ئیسرائیل هەروەها لە دوای ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی. پاشان لە 17ـی ئایاردا ئۆپەراسیۆنەکانی چڕتر کردەوە و بانگەشەی کرد، ئامانجەکەی نەهێشتنی حەماس و ئازادکردنی ئەو بارمتانەیە کە هێشتا لە کەرتی وێرانکراوی غەززە دەستبەسەرن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment