ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر وێستگەیەکی کیمیایی ڕووسیا

درەنگانی شەوی شەممە، ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر وێستگەیەکی کیمیایی ئازۆت لە ناوچەی تولا لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، لە ئەنجامدا ئاگر لە وێستگەکە کەوتەوە و دوو کەسیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، دیمیتری میلیاڤ، پارێزگاری ناوچەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند، ئێستا ئاگرەکە کوژاوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ مەترسییەک لەسەر کوالێتی هەوای نزیک کارگەکە نییە، بەڵام "چاودێریکردنی ژینگە بەردەوام دەبێت".
A fire broke out at the Novomoskovsk Azot plant in the Tula region as a result of a UAV crash, the fire has been extinguished, Governor Milyaev reported. According to him, no exceedances of permissible levels of pollutants were recorded. pic.twitter.com/m0jz7hXlc3
— Ukraine/Russia News (@UKRRUSNews) June 8, 2025
هێرشەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر یەکتر ڕۆژانە بەردەوامە و زیان بە دامەزراوە و یەکەی نیشتەجێبوونی یەکتر دەگەیەنن، بەو هۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا دۆنالد ترەمپ، ڕایگەیاند "باشترە ڕێگە بە ڕووسیا و ئۆکرانیا بدرێت، بۆ ماوەیەک شەڕ بکەن و یەکتر لەناو ببەن." گوتی: ڕەنگە بەو جۆرە باشتر بێت، ڕێگەیان پێ بدرێت، ماوەیەک شەڕ بکەن و دواتر جیایان بکەنەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: لام وا نییە ڕووسیا و ئۆکرانیا بیانەوێت ڕێک بکەون، چونکە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیای وەک شەڕی دوومنداڵە کە ڕقیان لە یەکترە.
کاربەدەستانی ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەممە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند "پێمان وایە ئەو وەڵامدانەوەیەی کە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەڵێنی دابوو لە دژی ئۆکرانیا دوای هێرشەکەی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تا ئێستا بەدی نەهاتووە و پێدەچێت هێرشێکی بەرفراوان و فرەلایەنە بێت، ڕۆژی هێرشەكە بەتەواوی یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵام لەو ڕۆژانە دەبێت."
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "وەڵامدانەوەی چاوەڕوانکراو چەندان جۆری توانایی ئاسمانی لەخۆ دەگرێت، لەوانە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان." ئەو بەرپرسانە ئامانجە چاوەڕوانکراوەکانی ڕووسیا و وردەکارییەکانی هەواڵگرییان ئاشکرا نەکرد.
هەفتەی ڕابردوو؛ ئۆكراینا بەدرۆن هێرشی كردە سەر چەندان فڕۆكەخانەی سەربازی ڕووسیا و زیانی حەوت ملیار دۆلاری پێ گەیاند.