مازن عەلوش: زیاتر لە 400 هەزار هاووڵاتی سووری لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا، ئاشکرای کرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە زیاتر لە 425 هەزار هاووڵاتی سووری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە.

مازن عەلوش، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تا 8ـی حوزەیرانی 2025، زیاتر لە 425 هەزار هاووڵاتی لە دەروازە سنوورییەکانی سووریا گەڕاونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیە لە وڵاتانی دراوسێوە، دیارترینیان تورکیایە، زیاتر لە 250 هەزار کەس لەو وڵاتەوە گەڕاونەتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری سووری دیکە لە لوبنان و ئوردن و عێراقەوە گەڕاونەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەروازە سنووریەکان ناوی دەیان هەزار کەسی بیانییان تۆمار کردووە کە لە ئەورووپا و کەنەداو و وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە هاتوون، جا بە مەبەستی سەردانیکردن بێت یان نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.

مازن عەلوش، گوتیشی: لە دوای کردنەوەی دەروازەی سنووریی 'عورێزە' لەگەڵ لوبنان لە سێشەممەی ڕابردووەوە، زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار لەو دەروازەیەوە هاتوچۆیان کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئێستا کارەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی بازرگانیی هەمیشەیی لە نێوان سووریا و لوبنان لە ڕێگەی دەروازەی عورێزە، ئەمە جگە لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ژێرخان و نۆژەنکردنەوەی گشتگیری دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دەروازەکە .

دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی نێوان سووریا و تورکیا بریتین لە، کەسب، باب ئەلهەوا، حەمام، سەلامە، راعی، جەرابلوس. دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی نێوان سووریا و لوبنان بریتین لە، جەدیدە یابوس، جوسیە و عورێزە. دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی سووریا و ئوردن بریتین لە نسیب، لەگەڵ عێراقیش، دەروازەی سنووریی 'ئەلبوکامال'ـە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment