لە کوردستان ڕێگاوبانی نوێ دروست دەکرێن ئەوانەی عێراقیش هی 40 ساڵ پێش ئێستان

جەنجاڵی ھاتوچۆ و كێشەی وەستانی زۆر لە ترافیكلایتەكانی بەغدا، ئاستەنگی زۆری بۆ شۆفێران دروست كردووە و  ھاووڵاتییان لە چارەکردنی بێهیوا بوونە.

سەرەڕای بودجەی خەیاڵی، لە بەغدا شەقام و ڕێگەی نوێ دروست نەكراون، بە پێچەوانەوە لە ھەرێمی كوردستان سەرەڕای بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان، بەڵام جیاوازییەكی زۆر ھەیە لە نێوان ژێرخانی ڕێگەوبانی هەرێم و عێراق.

مام ڕەحیم عەبوودی 60 ساڵان، 40 ساڵە لە بەغدا شۆفێری تەکسییە و بە خێزانە حەوت کەسییەکەیەوە کرێچییە. سەر و ڕیشی لە گەڕان لە نێو کوڵان و جادەکانی بەغدادا سپی کردووە بۆ بەدەستهێنانی پارووی نانی ڕۆژانە. خراپیی ڕێگاوبان و قەرەباڵغیی نێو شار، کاریگەریی لەسەر داهاتی ڕۆژانەی داناوە، زۆرترینی تەنها 15 هەزار دینارە. وەکو زۆربەی خەڵکی چاوی لەوە بوو دوای 22 ساڵ حووکمڕانی، حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، شەقامەکان فراوانتر و سەردەمییانە بکەن.

ڕەحیم عەبوودی دەڵێت: "شەقامەکان تەسک و خراپن، ئێستا هەندێک لەو پردانەی دروستیش دەکرێن قەرەباڵەغیی کەم ناکەنەوە، چونکە ساڵانە هەزاران ئۆتۆمبێل هاوردە دەکەن و شەقامەکان بەرگەی ئەم قەرەباڵەغیە ناگرن.  بەهۆی قەرەباڵەغییەوە پێش جەژن گێڕی ئۆتۆمبیلەکی خۆم داگرت، ئێستا دیسان تێک چووە، دەبێت بیگۆڕم و خەرجی زیاتری دەوێت."

زۆربەی شەقامەکانی پایتەخت هەمان شەقامەکانی 40 ساڵ پێش ئێستان، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، بەغدا توانای لە خۆگرتنی تەنها 300 هەزار ئۆتۆمبێلی هەیە، کەچی زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بەسەر شەقامەکانیدا دێن و دەڕۆن. پێشبینیش دەکرێت تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 ژمارەیان بگاتە نێزیکەی پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێل.

ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی عیراق دەکرێن، لە کاتێکدا زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەو وڵاتە تۆمار کراون. 

 

لە کوردستان دۆخەکە تەواو جیاوازە

سەڕەرای ئەوەی حکوومەتی عێراق بودجە و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، بەڵام لە کوردستان کاروانی ئاوەدانی نەوەستاوە. بەرنامە و پلانە ستراتیجییەکانی ڕێگاوبان بۆ دروستکردنی ڕێگای نوێ، بە شێوەیەکی سەردەمییانە و نووژەنکردن و فراونکردنی ڕێگا کۆنەکان بەردەوامە. بە جۆرێک پلان دانراوە بۆ سالانی داهاتوو 203 پرۆژەی گەورەی ڕێگاوبانی نوێ بە درێژایی 103 هەزار کیلۆمەتر و بە گوژمەی 3 ترلیۆن و 248 ملیار دینار بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

هەوراز حاجی ستار، زیاتر لە 10 ساڵە شۆفێری تەکسییە. ڕۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر، بە کوچە و شەقامەکانی شاری هەولێردا هاتوچۆ دەکات. ئەم کارکردنەی ئەوەندە ماندووی نەکردووە چونکە شەقامەکان فراوانن و جەنجاڵیشیان تێدا نییە .

هەوراز حاجی ستار، ئاماژە دەڵێت: "ڕێگاوبان و شەقامەکان هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، نوێن و بە باشترین کوالێتی دروست کراون، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆری بۆ خاوەن تەکسییەکان کردووە. ئەگەر ڕۆژانە بۆ نموونە لە کاتژمیر 08:00ـی بەیانی بۆ 04:00ـی ئێوارە دەربچم بۆ کاری تەکسی، زیاتر لە 50 هەزار دینار پەیدا دەکەم."

بە پێی ئاماری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 115 پرۆژەی ڕێگاوبانی گەورە، دووساید و ستراتیجی بە درێژایی 1600 کیلۆمەتر بە گوژمەی  یەک ترلیۆن دینار جێبەجێ کردووە، جگە لە دروستکردن و قیرکردنی کۆڵانەکان کە سەدان پرۆژەی دیکەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment