پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێنەوە

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە سووریانەی لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و نشینگەی مانەوەیان بەسەرچووە، پێوستە لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگەی مانەوەیان.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بڵاوی کردەوە، لەسەر فەرمانی مهسرور بارزانی، سەرۆکى حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناو چارەسەرکردنی ڕەوشی تایبەتی هاووڵاتییانی سووری، ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەر چووە، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری پێویست ئەنجام بدەن.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێککارێکی تایبەت دەگرێتە بەر لەوانە: پێدانی ماوەی 60 ڕۆژی کارکردن لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم نووسراوە بۆ گشت هاووڵاتییانی سووری، ئەوانەی نشینگەکانیان بەسەر چووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستا نشینگەیان دەرنەهێناوە، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەک ساڵ بە گوێرەی فۆرمی 20 و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئەوانەی ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان هەیە، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن، بەڵام پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بە شێوەی فەرمی و لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە: ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە ڕێگەی فڕۆکەخانە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاکان و خۆ تۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پیشابوور، کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان رێک دەخرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ههروهها داوا دەکات، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و ئاسانکاری جێبەجێکردنی بە خێرایی.