حووسیەکان: شوێنە هەستیارەکانی شاری 'یافا'مان بۆمباران کرد

دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەنعا، لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، حوسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی حوزەیران 2025 ڕایانگەیاند، بە هەماهەنگیی تاران لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە چەند مووشەکێکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر شاری یافا لە ناوەڕاستی ئیسرائیل.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسیەکانی یەمەن ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەمان هاوتا بوو لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە سوپای ئێران دژی ئیسرائیل کردوویانە.

یەحیا سەریع، ئاماژەی بەوەش کرد، حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە هەستیارەکان لە یافا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن و هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی باڵای حوسییەکانی دا.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاشکرای کرد لە هێرشەکەیاندا 'محەممەد ئەلغەماری' سەرۆک ئەرکانی حوسییەکانیان بە ئامانج گرتووە، بەبێ ئەوەی دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا بکات.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە کەرتی غەززە، حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران زیاتر لە 100 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، هەروەها بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لەبەرانبەردا ئیسرائیل زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن و ژێرخانی ئەو وڵاتەی داتەپاندووە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment