مەندەلاوی داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان دەربارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەکات

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەربارەی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران و ئیسرائیل، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکات.

یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، دانیشتنێکی نائاسایی بەپەلە بکرێت بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندن و گرژییەکانی ناوچەکە.

مەندەلاوی باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل لە ڕێگەی ئاسمانی عێراقەوە هێرشی کردووەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم دەستدرێژییەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نەتەوەیی و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.

مەندەلاوی ئاماژەی بەوەش کردووە "ناتوانرێت ئەم سەرپێچییە مەترسیدارە قبوڵ بکرێت یان چاوپۆشی لێ بکرێت، چونکە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و ئیستغلالکردنی بۆ هێرشی شەڕەنگێزانە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، پێشینەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەی ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان دەکات، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق ناکات و لەگەڵ هەڵوێستە پتەوەکانیدا ناگونجێت لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و ئاسایشدا."

مەندەلاوی گوتیشی: ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەتی دەکاتەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دوژمن، ڕاشیگەیاند، سەروەری عێراق جێگەی سازش و دووبەرەکی نییە و ئاسایشی نەتەوەییمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هاوسۆزیی هەموو عێراقی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان کرد.

مەندەلاوی، داوای لە حکوومەتی عێراق و وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەپەلە هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەکان سەبارەت بە ئەنجامی سکاڵای فەرمی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی ئیسرائیل چڕ بکەنەوە، بە مەبەستی پاراستنی شکۆی دەوڵەت و بەرگریی لە ئاسمانی و سەروەری نیشتمان.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment