عێراق و تورکیا جەختیان لە هەماهەنگی زیاتر بۆ یەکخستنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد و جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی لەبارەی پرسە جۆراوجۆرەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران کردووە، کە دەبێتە هۆی پەرەسەندن و شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتان هەیە بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامیی هەیە بۆ ئەوەی لە دژی ئەم شەڕە بوەستنەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە توندی دژی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی و دەستدرێژیکردنە سەر ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە هاوکات پشتیوانی عێراقی بۆ بانگهێشتکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ سەروەری عێراق دووپات کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ڕێگریکردن لە خزانە نێو شەڕ و ململانێیەکان ڕاگەیاند.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment