سەدر داوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندن دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بۆ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق، داوا دەکات ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە بەڕێوە بچێت.
چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "ڕاستەوخۆ دوای نوێژی هەینی داهاتوو، خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە لە عێراق بەڕێوە بچێت."
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، دەڵێت: ئامانج لە سازدانی خۆپیشاندانەکە، سەرکۆنەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکایە لە دوژمنایەتییەکەیان لە بەرانبەر گەلان و ئایینەکان و کۆمەڵکوژییەکانیان دژ بە بە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە نموونە هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێ، فەڵەستین، لوبنان، سووریا و یەمەن.
لەبارەی مەبەستێکی دیکەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە، موقتەدا سەدر، گوتی: بۆ سەرکۆنەکردنی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراقە کە زیان بە خەڵک و پیرۆزییەکانمان دەگەیەنێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.