درۆنێک لە شارۆچکەی تەق تەق کەوتە خوارەوە

درۆنێک لە گوندی تازەدێی تەق تەق کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە گوندی تازەدێی سنووری شارەدێیی سێگردکانی شارۆچکەی تەقتەق، درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە.
مهحموود عەبدوڵڵا، ئەنجوومەنی گوندی تازەدێ بە ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: درۆنەکە لەناو پەرێزێک لە دەرەوەی گوندەکە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی سنوورەکە کەوتووتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەر دوێنێ چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاشکرای کرد، ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر 6:43 خولەک، لە نزیک گوندی شێراوا، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشکێنرا و خرایە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان، دەڵێت: خۆشبەختانە خستنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتەوە.