پەیامی نوێنەری وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

نوێنەرانی وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوون، بەشێکیان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران کرد و پشتگیری خۆیان بۆ تاران دووپات کردەوە. بەشێکی دیکە لە نوێنەرەکان تەنیا داوای وەستانی جەنگ و دانبەخۆداگرتنی هەردوولایان کرد، هەروەها داوای ئەوەشیان کرد کە خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان نەکرێنە ئامانج. بەشێکی دیکە لە نوێنەرەکانیش، پشتگیرییان لە ئیسرائیل کرد و گوتیان، وڵاتەکە مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، جەختیشیان لەوە کردەوە، کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران کۆ بووەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: پێویستە بە دیپلۆماسییەکی کاریگەر پرسی ئەتۆمیی ئێران چارە بکرێت
لە دەستپێکدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، دەرئەنجامەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێشبینی نەکراون و زۆر بە خێرایی پەرەدەسێنێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: لە جەنگەکەدا چەندین کەسی مەدەنی لە هەردوو وڵات کوژراون، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئامانج گیراون، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە.
گۆتێرێز، دەڵێت: ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردی بناغەیە بۆ بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئێرانیش دەبێت ڕێزی لێ بگرێت، هەر چەندە ئێران چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە، کە بە دوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەشی خستەڕوو، هانی ئیسرائیل و ئێران دەدەم بگەڕێنەوە سەر مێزگی گفتوگۆ و بە دانوستان کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.

ڕافایل گرۆسی: ئەگەر تیشکدەرە کیمیاییەکان بڵاو ببنەوە، دەبێت نیوەی تاران چۆڵ بکرێت
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشیتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گوتی: داوا دەکەم بە هیچ شێوەیەک هێرش نەکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، چونکە بڵاو بوونەوەی ماددەی تیشکدەر لە ناوچەکەدا دەرئەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت، لە ئێستاشدا ئاژانسەکەمان لە نزیکەوە چاودێری ئەو دامەزراوانە دەکات.
باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بنکە سەرەکییەکەی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025 بە ئامانج گیرا و کارەبایەکەی پچڕاوە. هاوکات بنکەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە هەمان ڕۆژ بۆردومان کراوە. گوتیشی: تاوەکوو ئێستا لە دامەزراوەکە هیچ تیشکدەرێکی کیمیایی بڵاو نەبووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەشی دا، لە ئیسفەهان چوار باڵەخانەی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە وێران کراون کە ئەوانیش لە تاقیگەی ناوەندی، وێستگەی سووتەمەنی یۆرانیۆم و دامەزراوەیەکی دیکە کە لەژێر دروستکردن دابوو پێکهاتبوون.
ڕافایل گرۆسی ئاماژەشی دا، ڕیاکتەری ئەراک لە 19ـی ئەم مانگە کراوتە ئامانج، بەڵام تیشکدانەوەکەی کاری نەدەکرد و هیچ ماددەیەکی ئەتۆمی تێدا نەبووە، بۆیە پێشبینی ناکرێت هیچ تیشکدانەویەکی کیمیایی تێیدا بڵاو ببێتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە 18ـی مانگ سێ باڵەخانەی تایبەت بە دروستکردنی سەنتەرفیوج بۆردومان کران کە یەکیان لە ناوەندی لیکۆڵینەوەی تاران بوو، دوو باڵەخانەکەی دیکەش لە کەرەج بوونە.
هۆشداریشی دا، هێرشکردنە سەر وێستگەی بووشێهر زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە هەزار کیلۆگرام ماددەی ناوەکی تێدایە، بۆیە هۆشداری دەدەم کە نابێت هێرشبکرێتە سەر ئەو وێستگەیە، چونکە تیشکێکی زۆر بە نێو ژینگە بڵاو دەبێتەوە. گوتیشی: دوو وێستگەی دابینکردنی کارەبا بۆ ئەو بنکەیە بۆردومان کراون.

عاسم ئیفتیخار: هێرشەکانی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکەین و شانبەشانی ئێران دەوەستینەوە
عاسم ئیفتیخار، نوێنەری پاکستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ڕایگەیاند: پاکستان هێرشە دوژمانکاری و بێ پاساوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکات و شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستێتەوە.
هاوکات دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هێرشەکان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە، هەروەها بۆ دەرەوەی ناوچەکەش لێکەوتەی مەترسیدارەی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، سەخۆشی لە گەلی ئێران دەکەین و، یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی دەبێت لەلایەن هەموو وڵاتانە ڕێزی لێ بگرێت و جێبەجێ بکرێت.
نوێنەری پاکستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، باسی لەوە کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکار دەهێنران، جێگەی نیگەرانییە، ئەم هێرشانە یاسا نێودەوڵەتییکان و جارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشێل دەکات.
جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکات و شانبەشانی ئێران دەوەستێتەوە. دەشڵێت: ئیسرائیل بەم هێرشانەی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووەتە مسترسییەوە.
عاسم ئیفتیخار،ئەوەشی ختسەڕوو، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش تەواوی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە بکات و دەبێت ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەر لەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
ناوبراو داواشی لە ئەمەریکا کرد دەرگای دانوستان بە کراوەیی لەگەڵ ئێران بهێڵێتەوە.

ئەمیر سەعید ئیرەڤانی: نیگەرانین لەوەی ئەمەریکا هاوکاری وڵاتێک دەکات کە پێشێلکاری یاسایی کردووە
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لە لێدوانەکانی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە جەنگ و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەربڕی و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت هاوکاری ئەو وڵاتە بکات، هاوکات بەڵگەش هەیە کە ئەمەریکا بەشداری لە جەنگەکە کردووە، کە ئەمەش بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێلکاری یاساییە.
ئاماژەشی دا، ئێران پابەندە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگریی لە خۆی بکات، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوەکوو ئێستا بە کارەکانی خۆی هەلنەستاوە و ئیسرائیلی لە هێرشەکان ڕانەگرتووە، بۆیە داوا دەکەم ئەنجوومەنەکە دەستبەجێ ئیسرائیل وەکوو دەستدرێژی و تاوانی جەنگی بناسێنێت.
دووپاتیشی کردەوە ئێران بەرنامەی ئەتۆمیی بۆ بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە، بەڵام ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە کە تاوەکوو ئێستا ڕاینەگەیاندووە.
گوتیشی: لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستا پێنج نەخۆشخانە بە ئامانج گیراون، چەندین پزیشک و هاووڵاتییە مەدەنییەکان کوژراون و برینداربوونە، ئەمەش تیرۆر و تاوانی جەنگە، هاوکات لە هێرشەکەی 16ـی ئەم مانگە، نەخۆشخانەی فارابی لە کرماشان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و ئەمبوڵانسەکان کرانە ئامانج، ئەمەش پێشێلکارییەکی دیاری یاسا نێودەڵەتییەکانە.
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە بەگوێرەی یاسایەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی ئەندامەکانمان، هێرشە بۆ سەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.
دەشڵێت: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نابێت خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئێران بێ دەنگ بکەن، چونکە ئێمە چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێمە بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە.

فوو سۆ: ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواوی جیهان ناسەقامگیر دەکات
فوو سۆ، نوێنەری چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیسرائیل و ئێرانی کرد، هاوکات داوای ئەوەشی کرد کە هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
نوێنەری چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتی: ئەگەر گرژییەکان زیاتر پەرە بسێنن نەک تەنیا کارەسات و نەهامەتی زیاتر دەبێت، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەش زیانیان پێ دەگات.
ئاماژەی بەوە دا، کارەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دروست دەکات، چینیش ئەمە سەرکۆنە دەکات.
فوو سۆ، باسی لەوە کرد، بەبێ سەقامگیری ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشتی لە جیهان بەدی نایەت.
دەشڵێت: کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەبێت ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکان بۆ چارەکردنی ئەم گرژییانە، هەروەها سەرۆکی چین پێشنیازی چوار خاڵی بۆ ڕێککەوتن پێشکەش کردووە، ئامانەن:
1- دەبێت ئاگربەستێکی دەستنەجێ هەبێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ
2- دەبێت پاراستنی خەڵکی سڤیل گەرەنتی بکرێت
3- دەبێت هەردوولا پابەندیی دانوستان بن بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن.
4- هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشهاتێکی مەترسیدارە، دەکرێت لێکەوتەی مەترسیداتری هەبێت، نابێت قبووڵی بکەین و دەبێت ڕژد بین لەسەر چارەسەرییەک لەسەر ئەم پرسە.

ڤاسیلی نەبینزیا: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران شاراوە نییە و لەژێر چاودێریی دایە
ڤاسیلی نەبینزیا، نوێنەری ڕووسیا، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، پێشبینییەکانی هاتنی قیامەت خەریکە دەبێتە ڕاستی، ئێستا خەڵکی سڤیل زیاتر دەبنە قوربانی بەهۆی جەنگەکەوە.
نوێنەری ڕووسیا، ڕایگەیاند: دامەزراوەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی ئێران بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێت، تا دەگاتە ئاستێک کارەساتێکی ئەتۆمی بە دوا دا دێت، دەبێتە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێگری لە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئێستا بکات و چارەیەک بدۆزێتەوە.
باسی لەوەش کرد، سەرەتا ئیسرائیل دەستی بە هێرش کردووە و دانوستانی ئەتۆمی نێوان تاران و واشنتنی کۆتایی پێ هێنا، هەروەها تێکدەری هەواڵەکانیشە بۆ گەیشتن بە چارەیەکی دیپلۆماسی.
ڤاسیلی نەبینزیا، لەبارەی ئێرانەوە، دەڵێت: ئێران بە شیوەیەکی بەردەوام و جییدی پابەندیی کارەکان و بەرپرسیارەتییەکانی خۆی بووە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئیسرائیل بە شێوەیەکی تاکلایەنانە بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری، بەبێ ئەوەی گوێ بدات بە جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، گوتی: بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە شارەوە نییە و لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم دایە.
ڤاسیلی نەبینزیا دەشڵێت: وڵاتانی ئەورووپا لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێوەگلاون و داواش دەکەین ڕێگری لە بە نێودەوڵەتیکردنی ئەم جەنگە بکرێت.

دۆرۆسی شیا: هێشتا دەرفەت لەبەر دەمی ئێران ماوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن
دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد، سەرکردایەتیی ئێران پێویستە بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت و چی دیکە بە دوای دەستخستنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبێت و دەبێت ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات.
هاوکات ڕایگەیاند: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، هەروەها ئەمەریکا لە پشت ئیسرائیل دەوەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە خەونە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ناوبراو دەشڵێت: ئێران دەیتوانی بە ڕێککەوتن هەم واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێنێت، هەم ڕێگە لەم جەنگە بگرێت، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە.
نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە، ناکرێت چی دیکە چاوپۆشی لەوە بکەین کە ئێران دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بێنێت. گوتیشی: هێشتا دەرفەت لەبەر دەمی ئێران ماوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن.

ژیرۆم بۆنەفانت: ئێران پابەندیی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەبووە
ژیرۆم بۆنەفانت، نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتی: دوێنی یەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل لەلایەن مووشەکی بالیستی ئێرانەوە کرایە ئامانج.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو کردە سەربازییانە بهێنرێت، چونکە ئەمە هەڕەشەکە زیاتر دەکات بۆ وڵاتان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەڵێت: فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل و ئێران دەکات دان بە خۆ دا بگرن، هەروەها دەبێت ژیانی خەڵکی سڤیل بپارێزن و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی دیپلۆماسی.
لەبارەی پرسی ئەتۆمییەوە، ژیرۆم بۆنەفانت، ڕایگەیاند: چەکی ئەتۆم زۆر مەترسیدارە، فەرەنسا هەڵوێستی ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەو چەکە دەبێتە هەڕەشەیکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئێران چەندین ساڵە ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروست کردووە.
هاوکات ڕاشیگەیاند: ئێران پابەندیی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەبووە، هەروەها ئێران بۆ مەبەستی ئاشتتیانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەکار ناهێنێت.
ژیرۆم بۆنەفانت، گوتی: نابێت بە هیچ شێوەیەک بژاردەی سەربازی بخرێتە پێشەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵکو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ رێگەی دیپلۆماسی.
داوا لە ئێرانیش دەکات، دەرفەت لە دەست نەدات و ئێستا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

باربارە وودۆرد: بەریتانیا بەشدار نەبووە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
باربارە وودۆرد، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. دەڵێت: بەریتانیا پاڵپشتی خۆی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دووپات دەکاتەوە، هەروەها وڵاتەکە زۆر نیگەرانە لەوەی دۆخەکە ئاڵۆز بووە، کە ئەمەش ساتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هەردوولا خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی یەکدی بە ئامانج نەگرن. دەشڵێت: بەریتانیا پاڵپشیتی لە ئیسرایل دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و خەڵکەکەی.
باسی لەوە کرد، بەریتانیا بەشدار نەبووە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەشداریش نابێت، هەروەها ئێمە فڕۆکەمان ناردووە بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی بەرگریی لەخۆمان بکەین، بەڵام تا ئێستا بەشداریمان لە جەنگەکە نەکردووە.
باربارە وودۆرد، گوتیشی: هێشتا دەرفەت ماوە لە پێش ئێران بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەی دیپلۆماسی، هێشتا درەنگ نییە بۆ ڕێککەوتن.

دانی دانۆن: هیچ کەس لە مەترسییەکانی ئێران پارێزراو نییە
دانی دانۆن، نوێنهری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتی: ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی لە ئیسرائیل، هەروەها ئێران هەڵی تیرۆرکردنیناتانیاهۆی داوە و خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی کوشتووە لە هەموو جیهان.
نوێنهری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: ئێران هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر گەورەترین نەخۆشخانەیەکی ئێمە لە باشووری ئیسرائیل، هیچ بنکەیەکی سەربازی لەنێو نەخۆشخانەکە نەبووە.
دەشڵێت: ئێران سەلمادنوویەتی کە دەوتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچە ستراتیجییەکانی ئیسرائیل زۆر بە وردی، هەروەها ئێران مادەم توانی بە مووشەک نەخۆشخانە بکاتە ئامانج، ئەوا دەتوانێت هەموومان لە هەر شوێنێک بین بمانکاتە ئامانج.
لەبارەی مووشکەکانی ئێرانەوە، ڕوونی کردەوە، ئێران بە خێرایی مووشەک بالیستی زیاتر و فراوانتر دەکات، هەروەها هیچ کەسێک لە مەترسییەکانی ئێران پارێزراو نییە.
سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، نوێنهری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتی: ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ئاستێک کە دەکرێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
هاوکات دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و، هەڕشەکانی ئێران سنوور ناناسێت، تا هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچێت، لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبین.

عەباس کازم: بە ئامانجگرتنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسی لەسەر عێراق دەبێت
عەباس کازم، نوێنهری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەڵێت: هۆشداریی لە پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ شەڕێکی هەرێمیی دەدەین، هەروەها هەڕشە لەسەر وڵاتەکەمان دروست بووە.
نوێنهری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، باسی لەوە کرد، لە بەردەم هەڕشەیەکی زۆر مەترسیدار داین، بەهۆی جەنگەکە زۆر زیانمان پێ گەیشتووە، ئاسمانی وڵاتەکەمان بە ڕووی گەشتەکان داخراوە.
دەشڵێت: دەست بەجێ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەین، پێش ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت 50 فڕۆکەی ئیسرائیل هاتوونەتە سەر وڵاتەکەی ئێمە، ئەم پێشێکارییانە، پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییەکان و سەروەری عێراقە.
عەبباس کازم، ئاماژەی بەوە کرد، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئێران، هەڕەشەیە بۆ تەواویی ناوچەکە کە بکەوێتە ناو ملاملانێ و دەرئەنجامەکانیشی کارەساتبار دەبن.
باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل ڕاپۆرت و دەسەڵاتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێشێل دەکات.

جەنگی ئیسرائیل و ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.