عەباس کازم: ئەمڕۆ 50 فڕۆکەی ئیسرائیل هاتوونەتە ئاسمانی وڵاتەکەی ئێمە

عەباس کازم، نوێنه‌ری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەت
عەباس کازم، نوێنه‌ری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەت

نوێنه‌ری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەڵێت: هۆشداریی لە پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ شەڕێکی هەرێمیی دەدەین، هەروەها هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەمان دروست بووە.

هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران کۆبووەوە.

عەباس کازم، نوێنه‌ری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە بەردەم هەڕشەیەکی زۆر مەترسیدار داین، بەهۆی جەنگەکە زۆر زیانمان پێ گەیشتووە، ئاسمانی وڵاتەکەمان بە ڕووی گەشتەکان داخراوە.هاوکات دەڵێت: هۆشداریی لە پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ شەڕێکی هەرێمیی دەدەین، هەروەها هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەمان دروست بووە.

باسی لەوەش کرد، دەست بەجێ داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەین، پێش ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت 50 فڕۆکەی ئیسرائیل هاتوونەتە سەر وڵاتەکەی ئێمە، ئەم پێشێکارییانە، پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییەکان و سەروەری عێراقە.

عەباس کازم، ئاماژەی بەوە کرد، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئێران، هەڕەشەیە بۆ تەواویی ناوچەکە کە بکەوێتە ناو ملاملانێ و دەرئەنجامەکانیشی کارەساتبار دەبن.

گوتیشی: ئیسرائیل ڕاپۆرت و دەسەڵاتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێشێل دەکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment