عراقچی ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هێرشه‌كانی بووه‌ستێنێت، ئێران نیازی نییە درێژە بە هێرشەکانی بدات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دەستخۆشی لە هێزە چەکدارەکانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات؛ ده‌شڵێت، سوپاكه‌یان تا دواسات به‌رگرییان كرد.
سێشه‌ممه، 24ـی حوزه‌یرانی 2025، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له په‌یامێكدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ڕایگه‌یاندووه، ئەوە وتراوە ئیسرائیل کاتژمیر 4ـی بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هێرشه‌كانی دژی ئێران ڕادەگرێت، ئێران له به‌رانبه‌ردا هیچ نیازێکی نییە درێژە بە هێرشەکانی بدات. ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت، ئێرانیش هێرشەکانی ڕادەگرێت.
عراقچی هه‌روه‌ها، سوپاسی سوپای وڵاتەکەی كرد، تاوەکوو دوا دڵۆپی خوێنیان بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کردووە و بەرپەرچی تەواوی هێرشەکانیان داوەتەوە و تاوه‌كوو كاتژمێر 4ـی به‌ره‌به‌یان به‌رده‌وام بوون.
كه‌مێك پێش ئه‌م تویته، عه‌باس عراقچی ڕایگه‌یاند، چەندین جار گوتوویانه ئیسرائیل بوو شەڕی دەست پێ کرد نەک ئێران.
جه‌ختیشی كردبووه‌وه، له ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پرسی ئاگربەست یان وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان نییە، بەڵام بە مەرجێک کە ئیسرائیل تا کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشه‌ممه، دەستدرێژی نایاسایی خۆی بۆسەر گەلی ئێران ڕابگرێت، ئێرانیش بە هەمان شێوە نیازی نییە درێژە بە وەڵامدانەوەی بدات.
عه‌باس عراقچی باسی له‌وه‌ش كردبوو: "بڕیاری کۆتایی لەسەر وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن ئێمەوە دەدرێت."
سێشه‌ممه، 24ـی حوزه‌یرانی 2025، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگه‌یاند و گوتی، جیهان پێشوازیی له‌م بڕیاره ده‌كات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.
دۆناڵد تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، دوای 24 كاتژمێری دیكه، ئێران و ئیسرائیل به فه‌رمی شه‌ڕ ڕاده‌گرن. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی، خه‌ریك بوو به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێران بێت.
تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، ئێران ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات و شه‌ش كاتژمێری یه‌كه‌م شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات ئیسرائیل له 12ـه‌مین كاتژمێر شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت.