گرۆسی: هیچ پەیامێکی فەرمیمان لە ئێرانەوە لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان پێ نەگەیشتووە

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند: ئێستا ئاژانسەکە گرژیی لەگەڵ ئێران هەیە و  وڵاتەکە پێیان وایە ئاژانس بێلایەن نەبووە.

پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند: ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە، بەڵام ماددە و کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی هەیە.

هاوکات باسی لەوە کرد، زیادەڕۆییه ئەگەر بڵێین بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچووە، بەڵام زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە و سەنتەرفیوجەکانی بنکەی فۆردۆش لەکار کەوتوون.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەڵێت: ئێران بەشی نزیکەی 12 بۆمبی ئەتۆمی ماددەی پێویستی هەبوو، هەروەها تا ئێستا هیچ پەیامێکی فەرمیمان لە ئێرانەوە  لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان پێ نەگەیشتووە.

گوتیشی: ئێستا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، گرژیی لەگەڵ ئێران هەیە و وڵاتەکە پێیانوایە ئاژانس بێلایەن نەبووە.

پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025،  ئەنجوومەنی هەمواکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور  گوتی: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی  نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان.

دوێنێ چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

 
Fly Erbil Advertisment