لاریجانی: ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی لێ کردم

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کرد، کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران پێیان ڕاگەیاندم، کە 12 کاتژمێرت لەبەر دەستە بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێبهێڵی ئەگەرنا دەکوژرێی.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئسیلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: ئەو شەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، تەلەفۆنیان بۆکردم و پێیان گوتم 12 کاتژمێر کاتت هەیە بۆ ئەوەی ئێران جێبهێڵی، ئەگەرنا دەکوژرێێ.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، من دەمزانی ئەوان لە کوێوە پەیوەندی دەکەن و بە جۆرێک وەڵامم دانەوە کە شایەنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێت.
ڕاوێژکاری خامنەیی، دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا لەم جەنگەدا، پێیان وابوو دانیشتووانی ئێران لەگەڵ یەکەم دەرفەتدا واز لە پشتیوانیی حکوومەت دەهێنن و خۆیان ڕادەست دەکەن.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران وەک فێڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکار هێنا، لە کاتێکدا لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیی هەبوو بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان.
گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا هەمووانی فریودا کاتێک ڕایگەیاند، "کە ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم زووانە نا".
پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا هیوای خواستبوو کە ئیسرائیل ڕەفتارێک نەکات کە ببێتە هۆی تێکدانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوەش کردبوو، ئەگەری زۆرە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم نزیکانە نا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.