ناتانیاهۆ: ئازاد کردنی بارمتەکان ئەرکی سەرەکیی حکوومەتەکەمە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا، ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لای حەماس دەستبەسەرن، ئەولەویەتی سەرەکی حکوومەتەکەیەتی.

لە میانی سەردانێکیدا بۆ ناوەندێکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی 'شاباک' لە باشووری وڵات، ناتانیاهۆ گوتی "سەرەتا و پێش هەموو شتێک، پێویستە بارمتەکان ئازاد بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، بێگومان دەبێت کێشەی غەززەش چارە بکەین و حەماسیش تێکبشکێنین و باوەڕم وایە هەردوو ئەرکەکە دەکەین.

میدیا ئیسرائیلییەکان لەوانەش هائارێتز، پێی وایە لێدوانەکانی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە زیادیان کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی پێشبینی کردبوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕێککەوتنی ئاگربەست بکرێت.

 ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل دەچێتە واشنتن تاکوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لە پێش خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوەندگیری، کە چاوەڕوان دەکرێت لە قاهیرە بکرێت، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەخۆبگرێت و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون مسۆگەر بکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment