سلێمانی.. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما سکچوون و ڕشانەوەی منداڵانی زیاتر کردووە

ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى هاوین و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، ڕێژەى تووشبوونى منداڵان بە نەخۆشییەکانى سکچوون و ڕشانەوە زیاد دەبێت. پزیشکێکىی منداڵانیش دەڵێت: ئەمساڵ حاڵەتەکان لە ساڵانى ڕابردوو زیاترن.

سایە سورکێو، ماوەى چوار ڕۆژە لە نەخۆشخانەى منداڵانی شاری سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت؛ چەند رۆژێک لەمەوبەر لاى ماڵى خۆیانەوە خواردنى دەرەوەى خواردووە، هەر ئەو ڕۆژە درەنگانى شەو، تەندروستىی تێک چوو و بردرایە نەخۆشخانە و ئێستا خەریکە تەندروستىیی باشتر دەبێت.

سایە  داوا لە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی خۆی دەکات "یەک شت لە دەرەوە نەخۆن. دایکتان هەر شتێکی لەسەر سفرەکە حازر کرد، بیخۆن و مەڵێن نایخۆین؛ چونکە دوایی وەکو منتان لێ دێت. ئێستا من چوار ڕۆژە لە نەخۆشخانەم، ئێرە زۆر زۆر ناخۆشە."

هەر لەگەڵ تووشبوونى منداڵان بە نەخۆشییەکە، نەخۆشخانەى منداڵان قەرەباڵخ دەبێت. دایکان و باوکان بۆ چارەسەر منداڵەکانیان نیشانى پزیشک دەدەن. پزیشکییەکانیش باس لەوە دەکەن، تەنیا لە هەندێک حاڵەتدا پێویست دەکات منداڵەکان بهێنرێن بۆ نەخۆشخانە، چونکە لە هەندێک کاتدا، دەکرێت لە ماڵەوە بە پێدانى شلەمەنى و ئاوى کوڵاو، چارەسەری وەربگرن.  

ئاراس کاکل، پزیشکى پسپۆڕى منداڵان دەڵێت: "ئەو نیشانانەی ئێمە زۆر لێی دەترسین، ئەگەر منداڵەکە زۆر وشک بووبێتەوە و نیشانەکانی لێ دەرکەوتبن. بۆ نموونە دایکەکە دەزانێت منداڵەکەی میز ناکات، دەم و لێوی زۆر وشک بووە، چاوی چووە بە قووڵا، تایەکی زۆر بەرزی هەیە یان خواردن و شیر ناخوات؛ لەم حاڵەتانەدا دەبێت پشکنینی بۆ بکەین و چارەسەری بۆ بنووسین."

بە گوتەی پزیشکانى نەخۆشخانەکە، ڕۆژانى ئاسایی لە ماوەى سێ کاتژمێردا 50 منداڵ چارەسەر دەکەن، بەڵام چەند ڕۆژێکە ئامارەکە بۆ نزیکەى 200 منداڵ بەرز بووەتە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment