پشتیوان سادق: ئەوەی بەغدا دەیكات برسیكردنی خەڵكی كوردستانە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بە هەوڵی بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەم ڕۆژانەدا کێشەی مووچە چارە دەبێت کە مافێكی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەمووزی 2025، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەی بەغدا دەیكات برسیكردنی خەڵكی كوردستانە، قۆناغ بە قۆناغ، جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفال، چونكە ئەقڵییەتەكە بەرەو هەمان ئەقڵییەت دەڕوا.

ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ستەمەی ئێستا لەلایەن دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بەرانبەر بە كورد دەكرێت، ڕێگری لە چارەسەری درێژخایەن دەکا، سەرکردە سیاسییەکان، دەیانەوێت چارەسەری کاتی بكەن بۆئەوەی فشارە هەنووکەییەکان کەم بكەنەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە متمانەكە ناشیرین دەكات و دەیشێوێنێت، عێراق تا نەگاتە ئەو بڕوایەی كە کوردستانێکی سەقامگیر، گەشەسەندوو، پارێزراو، سەرمایەیەکی ژیانییە بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ و سەقامگیر و پارێزراو، ناتوانرێت مامەڵەی تەندروست لەگەڵ یەكتری بكەین.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، چۆنیەتی دابەشکردنی سەرچاوەکان لە جیهانێکی دوای ئایدیۆلۆژیادا و چۆنیەتی دروستکردنی متمانە لە شوێنێکدا کە مێژوو تەنیا تۆوی خیانەتی تێدا چاندووە، خەباتێكی بەردەوام و جددی دەوێت. ئەم خەباتە بەردەوام و جددییە، لەلایەن مەسرور بارزانی یەوە، زۆر بە جددی كاری لەسەر دەكرێت و ئەو پشوودرێژی و بەردەوامبوونەی لە ئەنجامی چەوساندنەوەی زیاتر لە یەك سەدەی گەلی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە.

پشتیوان سادق دەشڵێت: بە هەوڵی بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەم ڕۆژانەدا کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت کە مافێكی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بێگوومان حکومەتی ھەرێمیش خۆی بە بەرپرسی مافەکانیان دەزانێت، بۆیە سەرۆكی حكوومەت زۆر جاران دەڵێت: فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانەو قەرزاریانین.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment