ئەردۆغان: له ئاست ههوڵهكانی ناتانیاهۆ بۆ گۆڕینی ناوچەکە بە گۆمی خوێن بێدەنگ نابین

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات. دەشڵیت: له ههوڵهكانی ناتانیاهۆ له ناوچهكه بێدهنگ نابین.
هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 17ـەمین لوتکەی ڕێکخراوی سەرانی ئیکۆ، گوتی: سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات، پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ ڕاگرتنی دڕندەییەکانی بەرانبەر بە غەززە کە بەهۆیەوە نزیکەی 57 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەردۆغان، ڕایگەیاند: ئێمە لە یەکەم ڕۆژەوە ئەوەمان گوتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران قبووڵنەکراوە و هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ناوچەکەمان پەلکێشی ناو کارەساتێکی گەورە نەبێت، هیوادارین ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات ببێتە مایەی ئارامی.
دەشڵێت: پاشخانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، سووریا و ئێران، سیاسەتی ناچارکردنی گەلی فەڵەستینە بۆ ملکەچبوون. سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، ئێمە لە ئاست هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناتانیاهۆ بۆ گۆڕینی ناوچەکە بە گۆمی خوێن بێدەنگ نابین.