وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، بڕیارێک لەبارەی پەنابەرە سوورییەکانەوە دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەو پەنابەرە سوورییانەی کە پێشینەی تاوانیان هەیە یان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دیپۆرتی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە پەیوەندی دانە.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لەسەر زاری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ نووسینگەی فیدراڵی کۆچ و کۆچبەرانی وڵاتەکەی راسپاردووە (BAMF)، کە هەنگاوی جددی لە بەرانبەر ئەو پەنابەرە سووریانە بگرنە بەر کە مەترسیدارن و پێشینەی تاوانییان هەیە.
گوتەبێژەکە جەختیشی کردووەتەوە، ئەو پەنابەرانەی تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە ئەوا مافی پەنابەرییان لێ وەردەگیرێتەوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو بڕیارە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتەکان و پارێزگاران دراوە، کە ئەو کۆچبەرە سووری و ئەفغانییانەی پێشینەی تاوانیان هەیە یان هەڕەشەن بۆ حکوومەتی ئەڵمانیا دیپۆرتی وڵاتەکەیان بکرێنەوە.
گوتیشی: حکوومەتی ئەڵمانیا لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە پەیوەندی دایە.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، لە مانگی کانوونی دووەم بۆ ئایاری ئەمساڵ، نووسینگەی فیدراڵی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) بە مەبەستی لێوەرگرتنەوەی مافی پەنابەری پێداچوونەوەی بە دۆسیەی زیاتر لە سێ هەزار و 500 کۆچبەری سووری کردووە.
هەروەها هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی 800 سووری دیپۆرت کراونەتەوە، نزیکەی 2 هەزار کەس دیکەش ناویان بۆ دیپۆرتکردنەوە تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، نزیکەی یەک ملیۆن سووری لە ئەڵمانیا دەژین، کە زۆربەیان لە 2015-2016 گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.