دۆناڵد ترەمپ: ئیلۆن مەسک وەک شەمەندەفەرێکی خراپی لێ هاتووە
ترەمپ: سیستەمی دوو حزبی لە ئەمەریکا جێگیر بووە و حزبی سێیەم هەرگیز کاریگەریی نەبووە و نابێت

دووشەممە، 7ـی تەمووز، 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پلانی ئیلۆن مەسکی بۆ دامەزراندنی حزبێکی نوێ لە ئەمەریکا، بە گاڵتەجاڕی ناوبرد.
یەک ڕۆژ دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک دامەزاراندنی حزبێکی سیاسیی نوێی لە ئەمەریکا ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش ئەوەی بە فڕۆکەی 'ئەیر فۆریس وەن' لە ویلایەتی نیوجرسییەوە بۆ واشنتۆن بگەڕێتەوە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا دەربارەی حزبەکەی مەسک، گوتی: لام وایە دامەزراندنی حزبی سێیەم لە ئەمەریکا، کارێکی گاڵتەجاڕانەیە، سیستەمی سیاسیی ئەمەریکا هەمیشە دوو حزبیی بووە و وا دەزانم دامەزراندنی حزبی سێیەم، تەنیا ئاڵۆزییەکان زیاد دەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سیستەمی دوو حزبی لە ئەمەریکا جێگیر بووە و حزبی سێیەم هەرگیز کاریگەریی نەبووە و نابێت. مەسک دەتوانێت بە دامەزراندنی حزبی سێیەم دڵخۆش بێت، بەڵام بەلای منەوە تەنیا شتێکی گاڵتەجاڕانەیە.
ترەمپ، دواتر، لە ناو فڕۆکەکەیدا لە پلاتفۆرمی 'تروس' نووسی "بە داخەوەم لەوەی ئیلۆن مەسک لە ڕێڕەوی خۆی ترازاوە و لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا وەک شەمەندەفەرێکی خراپی لێ هاتووە."
ئیلۆن مەسک، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر پرۆژەیاسای باج و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، کە بە گوتەی مەسک، دەبێتە هۆی مایەپووچیی وڵات، 'حزبی ئەمەریکا' دادەمەزرێنێت.
مەسک، کە ملیۆنان دۆلاری بۆ دابینکردنی بودجەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2024، خەرج کرد و بۆ ماوەیەک، بەردەوام لە کۆشکی سپی و جێگای دیکەدا، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا دەردەکەوت، دواتر بەهۆی کێشە لەسەر پرۆژەیاسای باج و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، نێوانیان تێک چوو.