خەرجنەکردنی مووچە کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی عێراق دروست کردووە

قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و خەرجنەکردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دروست کردووە کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانن لەوانە؛ موسڵ، سەڵاحەددین و دیالە.
دووکاندارێکی موسڵ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو دووکاندار بەشێکین لە ئابووریی، بەرهەمی شیرەمەنی و ماست و پەنیر لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەین، ئێستا لەوێ قەیرانە و مووچە نییە، بێگومان کاریگەری نەرێنیشی لەسەر ئێمە هەیە، چونکە ئابوورییەکەمان پێکەوە بەستراوە.
دانیشتوویەکی موسڵ دەڵێت: دەبینین و دەبیستین مووچە لەهەرێمی کوردستان دواکەوتووە، بێگومان کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی ئێمەش هەیە، چونکە یەک وڵاتین، بەهۆی هەبوونی پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانی لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان، قەیرانی دارایی لەوێ کاریگەری لەسەر دیالە، موسڵ و سەڵاحەددینیش دروست کردووە.
حەسەن موئمن، چالاکوانی موسڵ ڕایگەیاند، "فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دۆخی هاوشێوەی دۆخیان فەرمانبەرانی دیکەی عێراقە، کەوایە بۆچی مووچەکانیان دوادەخەن و بیر لەوە ناکەنەوە، ئەوان بەچی بژین؟ ئێستا دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، چۆن کرێ خانوو بدەن و خێزانەکانیان چی بخۆن؟ لەبەر ئەم هۆکارانە جەخت لە حکوومەتی ناوەندیی دەکەینەوە هەرچی زووە مووچەکانیان خەرج بکات.
لەنێوان دوو ڕێیانی ناکۆکی سیاسی و داکشانی ئابووریی، خەڵک عێراق چاوەڕوانی چارەیەکن پرسی مووچە یەکلای بکاتەوە، لەکاتێکدا ماوەی زیاتر لە دوومانگە مووچەی ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆرا لەلایەن عێراقەوە بڕدراوە.